پەسەندنەكردنی خشتەی بودجەی ئەمساڵ، كاریگەریی لەسەر دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق بە هەرێمی كوردستانەوە نابێت، ئەمەش بەپێی لێدوانی ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران.
جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێناچێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، حكومەتی فیدراڵ خشتەی بودجەی 2025 ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات بۆ دەنگدان لەسەری، وتیشی: یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە حكومەت خشتەی بودجەی ئەمساڵ ئامادەنەكات، نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانە و حكومەت نایەوێت ئەو پرسە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێت، راشیگەیاند: پەسەندنەكردنی خشتەی بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، كاریگەریی لەسەر جێبەجێكردنی كاروبارەكانی حكومەتی فیدراڵ بەتایبەتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران نابێت، بەڵكو دەتوانێت بە خەرجی یەك لەسەر دوانزە، بەردەوام بێت.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا