عیراق 15 هەزار هاووڵاتی لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندۆتەوە

10:21 - 2025-07-28
عیراق
21 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، عیراق 15 هەزار هاووڵاتیی خۆی لە کەمپی هۆل لە سوریاوە، گەڕاندۆتەوە وڵاتەکەی.
کەریم نوری یاریدەدەری وەزیری کۆچ و کـــۆچبەران بە ئاژانسی هەواڵی عیراقی (INA)ی راگەیاندووە، پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە کەمپی هۆل تا ئێستا بەردەوامە بۆئەوەی یەکخستن و گواستنەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان تەواوبکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکەیان زۆرێک لە عیراقییەکانی ناو کەمپەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا پێنج هەزار عیراقی لە کەمپی (ئەلجەدعە)دا ماون کە دواتر ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەیان دەکرێت.
روونیشیکردۆتەوە کە نزیکەی 18 هەزار عیراقی لە کەمپی هۆلدا ماونەتەوە و لە دەرفەتێکدا دەگەڕێنرێنەوە ناوچەکانیان، بەڵام سەرەتا پێویستە پشکنینیان بۆ بکرێت.
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و بەپێی هەواڵی ئاژانسی رۆژنامەوانیی ئەڵمانی ئەو خێزانانەی لەو کەمپەدا دەژین، خەڵکی عیراق و سوریان، جگە لە نەتەوەکانی تر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان