وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 1894 ئامێری پزیشکیی تایبەتی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی تر دابین کردووە، هاوکات 164 گرێبەستی ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ دەرمان ئەنجامداوە، لەوانەش دەرمانی شێرپەنجە.
د.ساڵح مەهدی ئەلحەسناوی وەزیری تەندروستیی عیراق بە رۆژنامەی (ئەلسەباح)ی راگەیاندووە، ئەو ئامێرە پزیشکییانەی کە وەزارەت دابینیکردوون، چەندین پسپۆڕی دەگرێتەوە، لەوانە میزەڵدان (ئامێری لەیزەر بۆ نەشتەرگەریی پرۆستات)، ئێسک و دەمار و نەشتەرگەریی چاو، هەروەها ئامێری بێهۆشکردن و ئامێری پزیشکی تایبەتمەند بۆ چارەسەری شێرپەنجە. جگە لەوەش نەخۆشخانەکانی پارێزگای واست لە چوارچێوەی پرۆژەی نیشتمانیی شۆردنی خوێندا 120 ئامێریان بۆ دابینکرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەت 164 گرێبەستی دابینکردن و هاوردەکردنی جۆرەها دەرمانی ئەنجامداوە، لەوانە 68 گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان و 96 گرێبەست لەگەڵ کارگە نیشتمانییەکان، لەنێویاندا 30 گرێبەست بۆ کڕینی دەرمانی شێرپەنجە.
وتیشی: پەیمانگەی سیروم و ڤاکسین لە بەغدا گوژمەیەک لە گیراوە و ئامرازی دەستنیشانکردن و کاراکتەری تاقیگەیی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن، شێرپەنجە، مشەخۆر، ژەهراویبوون، کەمخوێنی، سیل و هیمۆفیلیا، هەروەها ژمارەیەک سیروم و ڤاکسینی بۆ بەشی تەندروستی لە بەغدا و پارێزگاکان، دابینکردووە.
روونیشیکردەوە، وەزارەت بەردەوامە لە هاوکاریکردن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بۆ پەرەپێدانی سیستمی تەندروستی و سوودوەرگرتن لە شارەزایی جیهانی و هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ بەشداریکردن لە باشترکردنی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکانی بۆ هاووڵاتیان و پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی راهێنان، پەرەپێدانی کارمەندان و گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای پزیشکیی سەردەمییانە.