ئەو زەوییە بیابانیانەی لە عیراقدا بە رشێنەر چێنراون بە گەنم، نزیکەی 185 هەزار دۆنمە.
تامر ئەلکەلابی یاریدەدەری تەکنیکیی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی عیراق بە رۆژنامەی (ئەلسەباح)ی راگەیاند: وەزارەتی کشتوکاڵ بەدەم داواکاریی جووتیارانەوە چووە بۆ دابەشکردنی ژمارەیەکی زۆر رشێنەر و رەوانەی بەشی کەرەستەی کشتوکاڵییان کردووە و ئەوانیش بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەکەن.
وتیشی، وەزارەتی کشتوکاڵ تەنها بۆ پارێزگای نەجەف، نزیکەی 70 رشێنەری پیڤۆتی دابینکردووە و بەسەر جووتیارانی ناوچە بیابانییەکاندا دابەشکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەوڵە دوای ئەو سەرکەوتن و فراوانبوونە گەورەیەی وەرزی رابردوو بووە لە چاندنی زەوییە بیابانییەکاندا، بۆیە کڕینی رشێنەری پیڤۆت لەم وەرزەدا بەراورد بە وەرزەکانی پێشوو زیادیکردووە، ئەمەش دوای رێنمایی وەزیری کشتوکاڵ بۆ ئاسانکردنی رێکارە پێویستەکان بۆ بەدەستهێنانی رشێنەرەکان.
باسی لەوەشکردووە، رووبەری ئەو زەوییە بیابانیانەی بەم رشێنەرانە چێنراون بە گەنم، نزیکەی 185 هەزار دۆنمە، لە کاتێکدا لە وەرزی پێشوودا 180هەزار دۆنم بووە.
وتیشی، بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کڕینی زیاتر لە 12 هەزار رشێنەری پیڤۆت هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی ئەو رووبەرانەی بە گەنم چێنراون کە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دۆنمە لە سەرتاسەری عیراقدا.