نۆژەنكردنەوەی رێگەی كفری- سلێمان بەگ خرایە بواری جێبەجێكردنەوە

10:27 - 2025-07-28
کوردستان
34 جار خوێندراوەتەوە

بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پرۆژەی رێكخستنەوە و فراوانكردن و نۆژەنكردنەوەی رێگەی سەرەكیی كفری-سلێمان بەگ خرایە بواری جێبەجێكردنەوە و پەرلەمانتارێكی یەكێتیش ئاماژە بەوە دەكات لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی زیاتر بۆ ناوچە زیانلێكەوتووەكان.
سروە محەمەد ئەندامی لیژنەی بوژانەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژەی بەوەكرد كە پرۆژەی رێكخستنەوە و نۆژەنكردنەوەی رێگەی سەرەكیی كفری-سلێمان بەگ بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت و لە قۆناغی یەكەمیشدا سنووری پارێزگای سەڵاحەدین تەواودەكرێت، پاشان لە سنووری دیالە بەشەكەی تری رێگەكە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و پرۆژەكەش لەسەر بودجەی بوژانەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانە، وتیشی: لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی زیاتر بۆ ناوچە زیانلێكەوتووەكان.
هەر لەو بارەیەوە، خالید محەمەد سەرپەرشتیاری پرۆژەكە و نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین، بە كوردستانی نوێ-ی وت: پرۆژەكە لەسەر بودجەی بوژانەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانە و بڕی پارەی تەرخانكراویش پێنج ملیار دینارە و بڕیارە لەماوەی 500 رۆژدا تەواوبكرێت.
کفری، حەیدەر ئەحمەد

بابەتە پەیوەندیدارەکان