بەهۆی كەمیی سەعاتەكانی كارەبای نیشتمانی لە سنووری دەشتی هەولێر، زیانێكی زۆر بەر بەروبوومی كشتوكاڵی گەیشتووە و سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانیش رایدەگەیەنێت: لە 24 سەعات تەنها شەش سەعات كارەبا بە گوندەكانی سنوورەکە دەدرێت.
حسێن محەمەد سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیارانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوینی ئەمساڵ گرفتی نەبوونی كارەبای نیشتمانی لە گوندەكانی سنووری دەشتی هەولێر و ناحیەی شەمامك سەریهەڵدا، ئەوەش دانیشتووانی سنوورەكەی نیگەران كردووە و نیگەرانییەكەش زیاتر لەسەر ئەوەیە كە زیانی زۆر بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان گەیشتووە، جگەلەوەش ئاوی خواردنەوەیان دەستناكەوێت و ناچارن بیكڕن، وتیشی: بەشی زۆری پرۆژە كشتوكاڵییەكان پێویستیان بە كارەبای نیشتمانییە، بۆ ئەوەی بتوانن كار بە ئامێرەكانی راكێشانی ئاو بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد نەبوونی كارەبای نیشتمانی لە سنوورێكی فراوانی وەك دەشتی هەولێر لەكاتێكدایە كە وێستگەیەكی 1000 مێگاواتی لە سنوورەكەدا هەیە و لەو وێستگەیەوە كارەبا دەدرێتە ناوشاری هەولێر و كارەباش دەدرێتە شارەكانی دیكە بەتایبەتی موسڵ و كەركوك.
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی جووتیاران، ئەوەی خستەڕوو لایەنە پەیوەندارەكان لە وەزارەتی كارەبا وەڵامی داواكاری و ناڕەزایی جووتیاران و گوندنشینانی سنووری دەشتی هەولێر نادەنەوە لەوەی كە هۆكار چییە كارەبای نیشتمانی بەو جۆرە خراپە و كارەبای پێویست بۆ چەند شوێنێكی سنووری هەولێر دابین ناكرێت.
هەولێر، تەها عەبدوڵڵا