د. پشكۆ حەمەتاهیر ئاغجەلەری
مێژوو لە كورتترین ناساندندا: (بریتییە لە تۆماری رابردووی مرۆڤ)
وەك دەزانرێت مێژووی مرۆڤایەتی بە چەندین قۆناغی جیاجیادا گوزەری كردووە تا گەیشووەتە ئەمڕۆ، هەر قۆناغێكیش چەند كەسێكی تێدا هەڵكەوتووە، بە پاڵەوانی سەردەمەكەی خۆیان ناسراون.
دیارە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردیشدا، كۆمەڵێك پێشمەرگە و سەركردە دەركەوتوون، كە هەموو تایبەتمەندییەكانی پاڵەوانیان تێدابووە، حەمەغەفور ئاغجەلەریی-ش وەك پێشمەرگە و سەركردەیەكی شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی كورد، نموونەیەكی زیندووە لەو پاڵەوانانە، كە زۆرێك لە سیفەتەكانی پاڵەوانی تێدا دەردەكەوێت، لەوانە:
یەكەم: پاڵەوان، ئەو كەسە ناودارەی سەردەمی خۆیەتی، كە دەتوانێت كۆمەڵگەكەی لە چەندین رووەوە بەرەو پێشەوە ببات و لە نەهامەتییەكانی ژیان دووریان بخاتەوە.
دیارە حەمەغەفور ئاغجەلەریی-ش دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 و بێهیوایی تاكی كورد لە شۆڕش، ئەو وەك پاڵەوانێك رووبەڕووی ئەو رەوشە دەبێتەوە و بانگەشە بۆ شۆڕشی نوێ دەكات، هەوڵدەدات بۆ دروستكردن و رێكخستنەوەی پێشمەرگە سەرەتاییەكان لە ناوچەكانی كەركوك و قەڵاسێوكە و ئاغجەلەر و شێخ بزێنی و شوان و كۆیە و تەق تەق و سنوورەکانی دەوروبەریان، بەم هەنگاوانەشی، ئەو بێهیواییەی لای خەڵكی کوردستان كە دروست ببوو، وردە وردە رەوییەوە و هیوای شۆڕشێكی نوێیان لەلا دروست بووەوە.
دووەم، پاڵەوان كۆمەڵێك تایبەتمەندیی هەیە، بە گشتی تایبەتمەندییەكانی بریتین لە (زیرەكی، بیرتیژی، ئیرادەی بەهێز، دووربینی، ئازایەتی، بەرنامەڕێژیی دروست، بڕیاردانی یەكلاكەرەوە، ورەی بەرزیی، زوو هەستكردن بە مەترسییەکان و كۆنترۆڵكردنی لێکەوتەکانی و هیوابەخشینەوە بە دەوروبەرە سادەکە.
كاتێك هاوڕێ پێشمەرگەکانی و دۆست و كەسانی نزیك لەو پاڵەوانە دەدوێنیت و باسی ژیانی پێشمەرگایەتیی ئەو سەركردەیەت بۆ دەكەن، بە سانایی هەموو خەسڵەتەکانی پاڵەوان تێیدا بەرجەستەیە و دەردەكەوێت.
هەر بەهۆی ئەو خەسڵەتانەوە، توانیوێتی كۆنتڕۆڵی ئیرادەی خەڵكی تر بكات و لەكاتی بوون یان هاتنە ئارای هەر رووداوێك یاخود هەر رووبەڕووبوونەوە و هەڕەشەیەك كە كەوتبێتە سەر ئەو ناوچانە كە سنووری چالاکیی پێشمەرگانەی ئەو بووبێت وەک فەرماندەی هەرێمی كەركوك، رووداوەكەی لە بەرژەوەندیی خەڵكی ناوچەكە شكاندۆتەوە و مەترسییەكانی دوورخستووەتەوە.
سێیەم، پاڵەوان زۆرجار لە پێناوی خۆشیی ژیان و ئارامیی ئەوانی دیكەدا، خۆشی و ئارامییەكانی خۆی فەرامۆش دەكات، كاتێك سەیری ئەم سیفەتەی پاڵەوان دەكەین و دەڕوانینە ژیانی پێشمەرگایەتیی حەمەغەفور ئاغجەلەری، ئەوا ئەم سیفەتەی پاڵەوان لای ئەو بەتەواوی بەرجەستەیە، باشترین نموونەش ئەوەیە كاتێك حەمەغەفور ئاغجەلەری لە ساڵی 1976دا چەكی پێشمەرگایەتی دەكاتەوە شان، ئەوە بووە مایەی نائارامی بۆ باوك و دایك و خێزان و منداڵەكانی، چونكە لەو رۆژەوەی ئەو بووەوە بە پێشمەرگە، ئەوان بەرەو زیندانەكانی بەعس پەلكێشكران و تا دوای شەهیدبوونیشی هەر لە زینداندا بوون.
دیارە بەعس مەبەستی بوو ئەو پێشمەرگە پاڵەوانە چەك دابنێت، بەڵام نەیانزانی پاڵەوانی راستەقینە، لەپێناوی خۆشیی هەموواندا خۆشی و بەرژەوەندیی کەسیی خۆی وەلاوە دەنێت.
ئەوەی لێرەدا باسكرا بەكورتی دەرخستنی خەسڵەتەکانی پاڵەوان بوو بەگشتی، دەرخستنی ئەو خەسڵەتانە بوو لای پێشمەرگەیەكی كوردی پاڵەوان كە (حەمەغەفور ئاغجەلەری)یە.