لە 11مین ساڵیادی شەهیدبوونی حەوێز سەردۆڵیی فەرماندەدا

11:00 - 2025-07-28
ڕاپۆرت
61 جار خوێندراوەتەوە

لە راستیدا نازانم لە كوێوە و لە چ بوارێكدا باسی شەهید حەوێز سەردۆڵی بكەم، لەهەر بارێكەوە لێی بدوێم، هەست دەكەم ستەمم لە لایەنەكانی دیكەی ژیانی كردووە.
لە بواری كۆمەڵایەتی و گفت و لفتی شیرینەوە، یاخود سادەیی و خاكی بوونییەوە، کە کەسێکی نموونەیی بوو، یاخود لە بواری دڵسۆزیی بۆ خاك و نەتەوە و بۆ پێشمەرگە؟ یان لە رووی حزبایەتی و یەکێتیبوونەکەی. ئەو بەڕاستی پیاوێكی تا بڵێی لێوەشاوە و بەرچاوبوو.
كە بەرامبەر داعش دەجەنگاین، ئەو لە هێرش و هەڵمەت و سەركەوتندا بوو، بە رووی دوژمندا هاواری دەكرد: «ئێمەی پێشمەرگە بەڵێنمان بە گەل و وڵات و یەكێتیەكەمان داوە، تا دواهەناسە هەر بەپێوە دەبین».
بۆیە، بۆ من سەختە باسی هیچ یەكێك لەوانە بكەم، بەڵكو تەنیا بۆ شادكردنی رۆحی ئەو شەهیدە، باسی هێرش و هەڵمەتەكانی رۆژی 24/7/2014 دەكەم بۆ رزگاركردنی گەڕەكی وەحدەی جەلەولا.
ئەو رۆژە، بەپێی نەخشەیەكی رێكوپێك و بە فەرمانی میحوەری گەرمەسێر و بە سەرپەرشتیی لیوا مام زیاد خۆرانی و بە فەرماندەیی چەندین فەرماندە و پێشمەرگەی لیواكەمان (لیوای 120ی پشدەر) ئەركی رزگاركردنی گەڕەكی وەحدەمان لە دەستی داعش پێ سپێردرا، فەوجەكەی ئێمە رۆڵی قارەمانانە و پشكی شێری بەركەوت لەو ئەركەدا.
سەعات دووی شەوی 24/7/2014 هێرشەكەمان دەستپێكرد، كاك حەوێز هێندە خێرابوو، بەورئاسا هەڵمەتی دەبردە سەر داعش، پێویستی بە ئامۆژگاری و رێنمایی نەبوو، بەڵكو بە ئەركی خۆی دەزانی پێشڕەو و كەسی یەكەمی هێرش بێت و هەرواش بوو، ئەو شەوە تەواوی شوێنەكانمان رزگار كرد، بۆ بەیانییەكەی داعش لە سەعدییەوە هێزیان بۆ هات و لە ناویاندا چەند قەنناس بەدەستێكی شارەزای تێدابوو، لە شوێنی نەدیو و پەناوە تەقەیان لە پێشمەرگە دەكرد، سەرەتا پێشمەرگەی ئازا (رزگار جاف)یان شەهیدكرد و ئیدی شەڕی دەستەویەخە دەستیپێكردەوە، لەگەڵ حەوێز سەردۆڵی و كۆمەڵێك فەرماندە كۆڵان بە كۆڵان بە دوای داعشەكانەوە بووین، ئەوان بەجۆرێك رایان دەكرد كە وای لێهات كاك حەوێز هەر بەپێوە و بە بیكەیسییەوە دوایان كەوت، من هەر بەدوایەوە بووم و هاوارم دەكرد ئاگاداری خۆتبە، هێندە چووینە پێشەوە، شەڕی دەستەویەخە گەرمتر بوو، دەركەوت دوژمن بە دوای كاك حەوێزەوەن و بە قەنناس پێكایان، خێرا خۆم گەیاندە لای، بەڵام بەداخەوە تا گەیشتم شەهید ببوو، ویستم تەرمەكەی رزگار بكەم، شوێنەكە ئەوەندە لە دوژمنەوە نزیك بوو، دەرفەتیان نەدەداین. لەو كاتەدا حاجی ئەحمەدەڕەش گەیشتە لام، بەداخەوە ئەویش زۆر بە سەختی پێكرا، فریاكەوتین خستمانە پەناوە، هەر ئەوكاتە نەقیب ئەحمەدی حاجی حەسەنی باوزێ و ملازمی یەكەم ئیبراهیم شێخ ئاودەلانی، یەك بەدوای یەكدا هاتن بۆ رزگاركردنی حاجی، هەمان قەنناس ئەوانیشی پێكا و شەهید بوون، تەرمەكان لە گۆڕەپانەكەدا كەوتن و دەرفەتی دەربازبوونیان نەبوو.
رۆژێكی تا بڵێی سەخت و دژوار بوو، ئەو شوێنەی كە ئێمە پێشتر لێیەوە هێرشمان دەستپێكرد، كەوتە ژێر دەستی دوژمن و شەڕ زیاتر گەرم بوو.
هەرچۆنێك بوو برازاكانی حاجی، هیمەتیان و كاك حاجیان رزگاركرد، بەداخەوە، ساڵی دواتر ئەویش شەهید بوو.
ئێمە رووبەڕووی شەڕێكی گەرم ببووینەوە، كەمێك تەرمەكەی شەهید حەوێزمان دوورخستەوە، بەڵام ئەو شوێنەی هەر سێ تەرمەكەی لێبوو، كەوتە ژێر گوللەی قەنناسەكانی داعش و دەرفەتیان نەداین رزگاریان بكەین، ماوەی دوو رۆژ تەرمەكان لە مەیدانی شەڕ و لەنێوان ئێمە و دوژمندا مانەوە، دواتر بە هەوڵ و هیمەتی هەموو هەڤاڵان و هاوڕێ و هاوسەنگەران و كەسوكاریان، توانرا بیانهێنینەوە.
بەداخەوە، ئەو شەوە جگە شەهیدبوونی ئەو چوار فەرماندەیە، چەندین فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمانی دیكەش بە سەختی بریندار بوون.
حەوێز سەردۆڵی تا بڵێ پیاوێكی قارەمان و چاونەترس بوو، بە درێژایی ئەو شەڕە هەر بە پێوە بوو و دوژمنی راودەنا، بەڕاستی وشەی ئازایەتی كەمە بۆ شەهید حەوێز، بۆیە ناوی ئەو وەك سیمبولێكی نەترسی و لەخۆبوردوویی و  خۆبەخشی، لە مێژوی خەباتی رزگاریی كوردستاندا، دەمێنێتەوە.
لیوا محەمەد پیرۆت كاكە مەم

بابەتە پەیوەندیدارەکان