وریا ئەحمەد: لەبەر گرانیی نرخی (عود)، سەرەتا (جمبوش)م دەژەنی

11:25 - 2025-07-28
هەمەرەنگ
41 جار خوێندراوەتەوە

 مامۆستا وریا ئەحمەد، یەكێكە لە هونەرمەندە دێرینەكانی كورد، لە ساڵی 1947 لە گەڕەكی (بەفری قەندی) شاری كۆیە لەدایكبووە و ماوەی 60 ساڵە كاری هونەریی دەكات.
 مامۆستا وریا بە دوالاپەڕەی وت: ساڵی 1965 بووم بە ئەندامی تیپی مۆسیقای (باواجی كۆیە)، هەرچەندە ئەوكات تیپەكە مۆڵەتیشی وەرنەگرتبوو. لە كۆیە سێ بۆ چوار كەس هەبوون دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا بوون و مامۆستای من بوون، دەستیان گرتم ئەكادیمیانە فێری نۆتە و میوزیكیان كردم. سەرەتا ئامێری (جمەبوش)م دەژەند كە ئەوەش بەهۆی گرانی نرخی ئامێری (عود)ەوە بوو، نرخەكەی 15 تا 20 دینار بوو، ئەوكات خوێندكار بووم، بەڵام دواتر كە دامەزرام و بووم بە مامۆستا، توانیم ئامێرێكی (عود) بكڕم، مووچەكەم تەنیا 30 دینار بوو، جگە لەوانە ئامێری (كلارنێت) یشم دەژەند.
وتیشی: یادگاریم لەگەڵ مام رەسوڵ (گەردی) زۆرە، چونكە بەیەكەوە لە حەفتاكانەوە لــە سەردەمی شۆڕشدا پێشمەرگە بووین، ئــەوكات تیپی مۆسیقای شۆڕشمان هـــەبوو ئێمە لــە گوندی وەسانی دۆڵی باڵەییان بووین، مام رەسوڵیش لە (دەربەندی رایات) بوو، كــەچی لەوێوە دەهات بۆ سەردانمان. هونەرمەند تاهیر (تۆفیقی)یش بەهۆی ئەوەی هاوڕێی باوكم بوو، وەك مامی خۆم سەیرم دەكرد و منی زۆر خۆشدەویست، جگە لەوەی لە چەندین ئاهەنگی هۆڵی (گەل) و ناوشاری هەولێر لەگەڵیدا بەشدار بووم، شەوانیش كاتێك لە هەندێك ماڵە دۆستی خۆی داوەت دەكرا، بانگی دەكردم و عودم بۆ دەژەند. هونەرمەند (حەمەجەزا) كاتێك لەشۆڕشی ئەیلول پێشمەرگە بوو دەمناسی، دواتر یەكەم كۆمەڵە گۆرانی كە لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر تۆمارمان كرد، دوو گۆرانی هی ئەو هونەرمەندە بوو، (قادر زیرەك)یش ئاوازی منی بە گۆرانی وتۆتەوە. بۆ هەر یەك لە تیپەكانی موزیكی (باواجی، شۆڕشی ئەیلول، چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر، هونەری هەولێر، تیپی منداڵانی هەولێر، تیپی خانزادی كچان، زیرو بەم) میوزیكم ژەندووە و لە ئەوروپاش كاتێك لە هۆڵەندا بووم لە تیپی (باخچەی گوڵان) بەشداربووم.
دوا بەرهەمم بریتییە لە سیدییەك كە بە دەنگی كچە هونەرمەند (پەیام) تۆماركراوە، ئەو سیدییە لە 7 گۆرانی پێكهاتووە كە چواریان ئاوازی خۆمە. پێشتر میوزیكژەن كەم بوو، بەڵام ئێستا ژمارەی میوزیكژەنی باش زۆر بووە، بەڵام وەك جاران دڵسۆزی لەكارەكەدا نەماوە، ئەگینا دەبوایە بەهۆی ئەو ژمارە، زۆرەیان میللەتی كورد خاوەنی ئۆركسترایەك بوایە لەهەموو رۆژهەڵاتی ناوین دەنگیدابایەتەوە.
هەولێر، رەوەست نەوزاد

بابەتە پەیوەندیدارەکان