ژینگەی گەرمیان چۆن رووبەڕووی وشکەساڵیی ببێتەوە؟

10:24 - 2025-07-29
ژینگە
33 جار خوێندراوەتەوە
ئەنجامەکانی وشکەساڵی


ئەنوەر عەبدولعەزیز سەمین*


لە نێوان ساڵانی 2020 تا 2025 ئیدارەی گەرمیان سێ جار تووشی وشکەساڵیی بوو، چۆنیەتی کارکردن بۆ کەمکردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵیدا و ناهاوسەنگی لە دابارین، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو جگە لە ناوچەی گەرمیان زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عیراق تووشی وشکەساڵیی بوون. 
 گەرمیان ناوچەیەکی وشک و نیمچە وشکە، بەپێی داتاكانی هۆبەی کەشناسی کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان لە رێکەوتی 5/5/2025دا وەرگیراوە رێژەی کۆتایی وەرزی بارانبارینی (2024 - 2025) لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەمشێوەیە بووە.
داتاکانی باران بارین 
کەلار (229.2) ملم بووە.
کفری (220)ملم بووە. 
خانەقين (210.6)ملم بووە. 
پێباز (254.3) ملم بووە. 
مەیدان (351) ملم بووە. 

لە نێوان ساڵانی 2020 تا 2025 ئیدارەی گەرمیان سێ جار تووشی وشکەساڵیی بوو، لە ساڵانی رابردوو جگە لە ناوچەی گەرمیان زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عیراق تووشی وشکەساڵیی بوون

هەروەها بەپێی داتاكانی هۆبەی کەشـــناسی لــــــە بــــــەڕێوەبــــــەرایەتی کشتوکاڵی کفری، لە 25 ساڵدا لە ساڵی ( 2000 تا 2025) ناوچەی گەرمیان (13) جار دووچاری وشکەساڵیی بووە، بەتایبەتی لە نێوان ساڵانی (2020 تا 2025) سێ جار دووچاری وشکەساڵیی بووە.
هاوکات چەندین هۆکاری دیکە هەن کاریگەریی وشکەساڵیی و مەترسیی بە بیابانبوونی لەسەر زیاتر دەکات بریتین لە:
*گۆڕانی ئــــــاو و هەوا و قەتیس بوونی گەرمیی گۆی زەوی، کەمیی بارانبارین و ناهاوسەنگی لە دابارین و هاتنی دوو شەپۆلی سەرمای سەخت. 
* بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بەشێوەیەکی خراپ. 
*نەبوونی بەنداو و پۆند و پرۆژەی ئاودێریی پێویستە لە ناوچەکە. 
*کەمبوونەوەی رێژەی ئاوی رووباری سیروان بەهۆی بڕینی لەلایەن ئێرانەوە. 
*نەبوونی پلانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی. 
*نەبوونی پاڵپشتیی حکومەت بۆ گوندنشین لە دابینکردنی بنەتۆ و ئالیکی ئاژەڵ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە.
*هۆکارە مرۆییەکان سوتاندنی گژوگیا دوای دروێنەکردن.
کاریگەرییەکانی وشکەساڵیی
کاریگەرییەکانی وشکەساڵیی و کەمبوونەوەی ئاو لەسەر زۆربەی کەرتەکانی ژیانی رۆژانە دەردەکەوێت وەک :
-سەرچاوەکانی ئاو: ئاوی ژێرزەوی و سەر زەوی.
-وشــــــکبوونــــــــــــی گژوگــــــیا و سەرچــــــاوەکانی ئاو و ژینگە و ناوچە سروشتییەکان. 
-بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی تەندروستی لــــــە نێوان رووەک و ئاژەڵاندا.
-کەمکــــــردنەوەی بەرهەمــــــهێنانی کارەبا لــــــە بەنداوی دەربەندیخان و دوکان. 
-زیانگەیشتن بە شارەوانی و کەرتی گەشتوگوزار، بۆ نموونە لە هەندێک شوێنی ناوچەی گەرمیان کۆچی ژینگەیی و چۆڵکردنی گوندەکان لە ئارادایە، هاوەشێوی گوندەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق. 
-وشكەساڵیى زيانى بە 50-60 %ى زەوی چێندراو بە گەنم گەیاندووە.
هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردســــــتان بۆ کەمکــــــردنەوەی کاریگەریی وشکەساڵیی بۆ ئەمساڵ، کارێکی ئەوتۆ نەکراوە جگە لە هەندێک شوێن بە هاوکاری رێکخراوەکان، بۆ نموونە بەپێی راپۆرتی رادیۆی دەنگ لە گەرمیان به‌هۆى وشكه‌ساڵییه‌وه ‌(15) گوند له‌ گه‌رمیان رووبەڕووی كه‌مئاویی یان وشــــــكبوونى ســــــه‌رچاوه‌كانى ئاو بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڕێوەبه‌رى ئاوى ده‌ورووبه‌رى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت: بۆ چارەسەری کێشەکەیـــــان یەک ملیار دینارمان دەوێت.
جێی ئاماژەیە رێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی لە گەرمیان بە پرۆژەی (ژیانەوەی گوندەکان) بە هاوبەشی رێکخراوی نێودەوڵەتی میدیکۆ و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەورووبەری گەرمیان لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاویی گوندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان دەکات.
چۆنیەتی کارکردن بۆ کەمکردنەوە و خۆگونجاندن لەگەڵ وشکەساڵیی و کەمبوونەوەی ئاودا بریتییە لە:
یەکەم:
دروستکردنی بەنداو و پۆند وەک دروستکردنی بەنداوی باوەنور و بەردەسوو و تەواوکردنی بەنداوی خۆرنەوەزان لەسەر سنووری گەرمیان، بە سیستمی پێشکەوتوو، دروستکردنی بەنداوەکان بۆ چەند ئامانجێک دەگەڕێتەوە وەک:
1 - گلدانەوەی ئاوی رووبار و باران و کانیاوەکان، بۆ نموونە دەتوانین بەنداوی ئاوەسپی بکەین بە بنەمایەك بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیی و بوژاندنەوەی ناوچەی ئاوەسپی کە 32 گوند لەخۆ دەگرێت، قەبارەی ئاوی گلدراوە نزیکەی (21.23) ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەبێت.
2 - رێگریی دەکەن لە دروستبوونی لافاو.
3 - دروســــــــــتکـــــردنی پـــــرۆژەی ئاودێریی بۆ بە بەراوکردنی زەوییە کشتوکاڵییە دێمییەکان لەسەر بەنداوی ئاوەسپی و پرۆژەی ئاودێریی (قەربڵاغ _ دوانزەیەم) کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر دەبێت، هەروەها دروستکردنی پرۆژەی ئاودێری لە رۆژهەڵات و باشووری بەنداوی باوەشاسوار. 
4 - بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی ئاو.
5 - بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر بەدانانی پانێڵی سیستمی وزەی خۆر لەسەر ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە و کەمکردنەوەی بە هەڵمبوونی ئاوی گلدراوەی بەنداوەکە.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی گەرمیان رێژەی بارانبارین لە ناوچەی گەرمیان، وەک ناوچەیەکی وشک و نیمچە وشک لە وەرزی بارانباریندا دەگاتە (300) ملم باران ئەگەر وشکەساڵیی نەبێت، بەڵام لە وەرزی هاویندا رێژەی بەهەڵمبوون دەگاتە (3000) ملـــــم لەبەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.
دووەم: پەیڕەوکردنـــــی سیستمی ئاودێریی نوێ (پرژاندن و دڵۆپاندن) و سیستمی ئاودێریی زیرەک.
سێیەم: دروستکردنی پشتێنی با و پشتێنی سەوز بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکان و دەروازەی شار و بەرزکردنەوەی رێـــــژەی ســــــــــەوزایـــــی ســـــنووری شارەوانییەکان. 
چوارەم: دروستکردنی کارگەی ریسایکلین بۆ دووبارە سوود وەرگرتن لە ئاوی ئاوەڕۆی شارەوانییەکان، هاوەشێوی پرۆژەی نێشتەجێبوونی بەهەشـــــتی کـــــەلار بۆ ریســـــــــایکلینی ئاوەڕۆی ماڵان. 
پێنجەم: دروستکردنی پەینی ئۆرگانیک بە دروستکردنی کۆمپۆست لە پاشماوەی ئاژەڵ و رووەک و پاشماوەی رۆژانەی شارەکان. 
شەشەم: بارانی دەستکرد.
حەوتەم: دامەزراندنی سيستمێكى كەشناسى پێشکەوتوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و هەرێمی كوردستان بەگشتی. 
هەشتەم: بەرهەمهێنانی ئالیکی سەوز بە سیستمی هایدرۆپۆنیك بە چاندنی جۆ و وێنجە و سێپەڕ و گەنمەشامی و ئازۆلا و سەوزەوات. 
نۆیەم: بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ھەستكردن لە دوور و سیستمی زانیاری جوگرافی لە چاودێریکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی.
دەیەم: چاندنی بەربوومی بونيكام، وێنجە و سێپەڕ و گەنمەشامی و رووەکی رەغل هاوەشێوی باشووری عیراق، کە وەک پاوان بەکاریدەهێنن.
یانزە: دانانی خانووی پلاستیکیی و شووشەیی.
دوانزە: پەیڕەوكردنى سيستمى كشتوكاڵ بەبێ كێڵان (الزراعة الحافظة-zero Tilige ).
سیانزە: گرنگیدان بە توێژینەوە کشتوکاڵییەکان بۆ بەرهەمهێنانی بنەتۆی باوەڕپێکراو و لە دانەوێڵە و سەوزەوات و دارودرەختی جۆراوجۆر.
چواردە: دانانی پلانی ستراتیژی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رۆژمێری کشتوکاڵیی. 
پانزە: سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای کشتوکاڵی نوێ. 
شانزە: پەیڕەوکردنی سیستمی کشتوکاڵی بەردەوام. 
حەڤدە: بە بازاڕکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیاران و ساغکردنەوەی لە ناوخۆ و هاوردەکردنی بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق. 
هەژدە: دروستکردنی باخی خورما هاوەشێوی پرۆژەی باخی خورمای مۆدێرن بە بەکارهێنانی کشتوکاڵی شانەیی (زراعة نسيجة) و مزرەمەنی و زەیتون و هەنار و ترێ کە لەگەڵ کەشوهەوای گەرمیان گونجاوە. 
نۆزدە: گرنگیدان بە توێژینەوەی کشتوکاڵی لە بواری ئاژەڵ و ماسی و پەلەوەر و هەنگ. 
بیست: دروستکردنی کارگەی پیشەسازیی خۆراکی جۆراوجۆر، بەمەبەستی زیادکردن و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی.

*ئەندازیاری کشتوکاڵ

بابەتە پەیوەندیدارەکان