شوێنی مۆنالیزا دەگۆڕدرێت

10:36 - 2025-07-29
هەمەرەنگ
40 جار خوێندراوەتەوە

 لەبەر نوێكردنەوە و بە مۆدێرنكردنی مۆزەخانەی لۆڤەر-ی فەرەنسا، تابلۆ بەناوبانگەكەی هونەرمەندی ناوداری جیهان (لیۆناردۆ داڤینچی) بۆ ژوورێكی تایبەت و نوێ دەگوزارێتەوە تا نۆژەنكردنەوەی مۆزەخانەكە تەواو دەكرێت. 
 ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند: تابلۆ بەناوبانگەكەی مۆنالیزا دەگوزانەوە بۆ ژوورێكی نوێ و تایبەت لە مۆزەخانەی لۆڤەردا، لەبەرئەوەی مۆزەخانەكە نۆژەن دەكەنەوە و ئەوەش ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت. 
راشیگەیاندووە: دەروازەیەكی نوێی چوونە ژوورەوە لە نزیك رووباری (سێن) بۆ مۆزەخانەكە دروست دەكرێت و مۆزەخانەكە ساڵی 2031  بە رووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە. 
دوایین نۆژەنكردنەوەی مۆزەخانەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، كاتێك پەردە لەسەر هەرەمی شووشەیی ئەم ئایكۆنە لادرا.
 بە رای شارەزایان، ئەمڕۆ مۆزەخانەكە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكان ناگونجێت، بۆیە لۆڕێنس دیس كارس، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی لۆڤەر، سەرەتای ئەم مانگە یاداشتێكی بۆ وەزیری رۆشنبیری وڵاتەکەی نارد و نیگەرانی خۆی سەبارەت بە مۆزەخانەكە دەربڕی و رایگەیاند: مۆزەخانەكە مەترسی رووخانی لەسەرە.  
بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی رۆژنامەی (لۆ پاریسیان)ی فەرەنسی بڵاویكردووەتەوە، دیس كارس هۆشداریی داوە لە تێكچوونی وردە وردەی بیناكە، بەهۆی دزەكردنی ئاو و گۆڕانی پلەی گەرماوە مەترسی لەسەر پاراستنی كارە هونەرییەكان دروست بووە.
ژیار رەشید

بابەتە پەیوەندیدارەکان