قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سێشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور و لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنی بەردەوامەوە. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی هەردوولا بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرا. لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە زیانەکانی ئەو هێرشانە بۆسەر ژێرخانی وزەی هەرێم، جەختیکردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە سەقامگیری عیراق دەخاتە مەترسییەوە و نابێت رێگە بە دووبارەبوونەوەیان بدرێت. هیواشی خواست حکومەتی فیدراڵ لایەنی ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و رووبەڕووی سزای یاساییان بکاتەوە.