ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی
لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی بریتیش کۆڵۆمبیا-وە کراوە ئاشکرایان کردووە، دارستانبڕین کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شێوازی لافاو هەیە و لێکەوتەی کارەساتبار و درێژخایەنی لێدەکەوێتەوە، لافاوێکی دەگمەن کە پێشتر 70 ساڵ جارێک روویدەدا، ئێستا هەر نۆ ساڵ جارێک روودەدات.
توێژینەوەکە پشتڕاستی کردووەتەوە کە بڕینی دارستانەکان نەک تەنها رێژەی لافاو زیاد دەکەن، بەڵکو ریتمەکانیان دەگۆڕن و رووداوە دەگمەنەکان زیاتر روودەدەن بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەگەنە لوتکە.
کاریگەرییەکانی بەڕێوەبردنی دارستانەکان
توێژەران لێکۆڵینەوەیان لەسەر دوو حەوزی تەنیشت یەکتر کردووە لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور، هەردووکیان لە ساڵانی پەنجاکاندا بەتەواوی دارستانەکانیان بڕدراون، بەڵام کاریگەریی بڕینی دارستانەکانیان لەسەر جیاواز بووە، یەکێکیان کە رووی لە باکوور بووە، شێی خۆی پاراستووە و کەمتر تیشکی خۆری وەرگرتووە، ئەوی دیکەیان کە رووی لە باشوور بووە، خێراتر وشک بووەتەوە، نووسەری سەرەکی ئەم توێژینەوەیە د. یونس عەلیلە، پسپۆڕی ئاو لە فاکەڵتی دارستان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا-بریتش دەڵێت: «ئەم توێژینەوەیە تەحەدای بیرکردنەوەی ئاسایی دەکات سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بەڕێوەبردنی دارستانەکان لەسەر لافاو».
هاوکات هێنری فام، یەکێک لە نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت: «بۆمان دەرکەوت کە دیمەنە سروشتییەکانی بە رواڵەت سادەن دەتوانن سەرکەوتن یان شکست لە بەرەنگاربوونەوەی لافاوی حەوزە ئاوییەکانیان هەبێت».
بەپێی توێژینەوەکە بێت فرێکوێنسیی لافاو لە حەوزی باکوور بە رێژەی 4 بۆ 18 زیادی کردووە، هەروەها هەندێک لافاو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، لە بەرامبەردا هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە حەوزی باشووردا بەدی نەکراوە، توێژەران پشتڕاستیان کردەوە کە هەمان چارەسەرکردن ئەنجامێکی جیاوازی ریشەیی بەدەستهێناوە، کە تیشکی خستە سەر رۆڵی ئاراستەکردن و کەشوهەوای ناوخۆیی لە خۆڕاگریی حەوزە ئاوییەکاندا.
توێژینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی بڕینەوەی دارستانەکان نەک تەنیا ئاستی لافاوەکان بەرزدەکاتەوە، بەڵکو رەوتەکانیشیان دەگۆڕێت بەجۆرێک وایلێدێت رووداو و کارەساتە دەگمەنەکان دووبارە بنەوە و بگەنە ترۆپک، هەرچەندە خێرایی ئاوەکە بەسروشتی روودەدات، بەڵام رەنگە لەپڕ قەبارە و ریتمی بگۆڕێت و ببێت بە لافاوی زەبەلاح، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی ئەرزی دارستانەکان و بڕینەوەیان و خراپ ئیدارەدانیان یان گۆڕانی ژینگەوە روودەدەن، هەروەها زاناکان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆئەوەی خاک شێوازی گلدانەوەی ئاوی بەردەوام لە گۆڕاندایە و لە رێگەی رووەکەکانەوە دەبن بە هەڵم، واتا تا چەند ئەو زەوییە توانای مژینی ئاوی بارانی هەیە، بۆیە لەکاتی نەمانی دارستانەکاندا ئەو توانایەی نامێنێت و دەبن بە لافاو.
دواجار توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەو لافاوە گەورانەی لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2023 لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا روویانداوە، بەهۆی گۆڕانی زەوی و بارانبارینی زۆرەوە بووە، کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروست بووە، رەنگە توندتریش بووبن بەهۆی دارستانبڕینەکانی چەندین ساڵ لەمەو بەرەوە.
چارەسەرەکان
توێژینەوەکە جەختی لەوە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاست و توندی لافاوەکان لە دنیادا پێویستە بە سیاسەتەکانی بڕینی دارستانەکاندا بچینەوە، چونکە دارستانەکان تەنها کۆگای ئاو نین، بەڵکو سیستمێکی ئاڵۆزن کە بەهۆی شێوازی لێواری زەوی و خاک و بەرکەوتنی بارانبارینەوە لە قاڵب دراون، هەروەها دۆزینەوەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە تێگەیشتن لە داینامیکی ئەم سیستمانە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا گرنگتر بووە، بە مامەڵەکردن لەگەڵ حەوزە ئاوییەکان وەک سیستمی زیندوو کە تایبەتمەندی ناوازەیان هەیە، داڕێژەرانی سیاسەتیش لە دنیادا دەتوانن بڕیاری زیرەکتر بدەن کە باشتر دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەبەرچاو بگرن.
سەرچاوە: الجزیرة.نت