یەكێتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە، بە ئاشكرا خەباتی كردووە بۆ پرسە چینایەتییەكان و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی یەكێك لە دروشمە سەرەكییەكانی بووە.
جگە لەوەی كە كۆمەڵەی رەنجدەران پێكهێنەرە سەرەكییەكەی یەكێتی بووە وەكو رێكخراوێكی چەپی كوردستانی، كاری لەسەر مەسەلە كۆمەڵایەتی و چینایەتییەكان كردووە و پێكهێنەرەكەی تریشی بزووتنەوەی سۆشیالیست و دواتر یەكێتیی شۆڕشگێڕان، لە ئامانجی ستراتیژیاندا بڕوایان بە سۆشیالیزم هەبوو، لە بەرنامە و پڕۆگرامەكەیاندا دەستنیشانیان كردبوو. باوەڕبوون بە سۆشیالیزم لەلایەن ی.ن.ك نەك تەنها وەكو ئامانجێك لە بەرنامەدا، بەڵكو وەكو هێڵێكی فیكری و جیهانیی كاری لەسەر كردووە. سۆشیالیزم و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی جگە لەوەی خواستێكی مرۆییە، لەسەر ئاستی جیهانیش بۆتە پێداویستییەكی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.
کۆمەڵگە ژیانێکی شایستەی هەبێت
بەپێی ئاڵوگۆڕە جیهانییەكان ئامانجی سۆشیالیزمیش تێڕوانین و میكانیزمەكانی و گەیشتن بەو ئامانجە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لەسەرەتادا یەكێتی بڕوای تەواوی بە سۆشیالیزمی زانستی هەبووە و پێداگریی كردووە لەسەری، پێ بە پێی ئاڵوگۆڕەكان تێڕوانینی نوێ و رووداوەكانی روخانی بلۆكی خۆرهەڵات بەناوی سۆشیالیستی، راست و رەوانی هێڵی سۆشیال – دیموكرات هەژموونی خۆی زیاتر پەیداكرد، هەربۆیە ی.ن.ك لە یەكەمین كۆنگرەی خۆیدا ناسنامەی سۆشیال – دیموكراتی هەڵگرتووە، پاشان كردییە هێڵی فیكری و سیاسی خۆی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونەكانی دنیا لە خەباتی دیموكراسی و پەرلەمانیی بزووتنەوەكانی دیموكراسی و سۆشیالیزم دەستكەوتی بەرچاوی لەو بوارەدا بەدەستهێناوە. یەكێتی بەپێی تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی كوردستان لە رووی پڕاكتیكییەوە كاری لەسەر ئەو ئامانجە كردووە.
لە كۆنگرەكانی رابردوودا لە بەرنامە و پڕۆگرامەكانیدا جەختی كردۆتەوە كە یەكێتی حزبێكی سۆشیال – دیموكراتە و لەپێناوی جێبەجێكردنی بنەماكانی سۆشیال – دیموكرات كە دواجار بونیادنانی كۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران و مۆدێرنی لێبكەوێتەوە و لە سایەیدا تاك و كۆمەڵگە ژیانێكی شایستە بژین، خەبات دەكات و تێدەكۆشێت.
دەسکەوتی چیایەتی و مرۆیی بەدەستهاتوون
مكوڕبوونی ی.ن.ك و كارابوونی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەش كە پابەندە بە بنەماكانی سۆشیال دیموكرات، بوو بە ئەندامی كارای سۆشیال ئینتەرناسیونال (SI)كە رێكخراوێکی جیهانییە. مام جەلال کە سكرتێری گشتی بوو، لە كۆنگرەیەكدا بوو بە جێگری سەرۆكی رێکخراوەکە.
ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بە بەشداریی كاراكتەری مام جەلال وەكو كەسایەتییەكی چەپ و سۆشیالیست تەكانێكی بەرچاویدا بە چالاكییەكانی ئەو رێكخراوە لەسەر ئاستی جیهان و خۆرهەڵات و كوردستان بەتایبەتی.
بەو پێیەی رێبازی سۆشیال دیموكرات بۆ گەیشتن بە سۆشیالیزم و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لە رێگەی ریفۆڕم و خەباتی پەرلەمانییەوە كاری بۆ دەكرێت، پێچەوانەی تێڕوانینە كلاسیكییەكان كە دەبێت لەڕێی شۆڕشی كۆمەڵایەتییەوە ئەو خواستە بەدیبێت، كە لە راستیدا ئەزموونەكان نیشانیانداوە بە خەباتی پەرلەمانی و گەشەی سروشتیی كۆمەڵگە و كاركردن لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی و میكانیزمی سەندیكایی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، باشتر و چاكتر دەستكەوتی چینایەتی و مرۆیی بەدەستهاتوون.
هەربۆیە ئەو میكانیزمە لەلایەن یەکێتییەوە بە روونی پەیڕەوكراوە و لەسەر هێڵە گشتییەكانی خۆی كە بریتین لە فیكری سیاسی، ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی میدیا و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ لەسەر بنەمای جیهانی، بەشداریی ژنان و لاوان لە پڕۆسەی سیاسی و ئیداری و ناوەندی بڕیاردا كە دواجار باڵانسی جێندەریی دروستبكات و بە هەموو ئەوانە پێكەوە ژیانی ئاشتییانە بهێنێتە كایەوە، بەردەوام كاری كردووە.
ئاوڕدانەوەی هەمەلایەنە
بۆ ئەم ئامانجانە و بۆ هەر بوارێك بەرنامە و پڕۆژەی هەمەلایەنە، دەكرێت لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە و كارپێكردنی بەردەوام بۆ جێگیركردنی بەتایبەتی دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهات و جێگیركردنی یاسا و پڕۆگرامی مرۆیی پێشكەوتنخوازانە لە بواری پەروەردە و خوێندن و دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و فەراهەمكردنی هەلی كاری یەكسان و ئاوڕدانەوەی هەمەلایەنە لە خاوەن پێداویستی تایبەت و...هتد، ئەوانەی لە پڕۆگرامی خۆیدا دەستنیشان كردووە و جەختی لەسەر كردۆتەوە و خەباتی بۆ دەكات.
یەکێتی بەردەوام خۆی کارا بکاتەوە
ئەگەر بەشێك لە قۆناغەكان و ئاڵوگۆڕەكانی چەند دەیەی رابردوودا رەخنە و تێبینی هەبووە لەسەر كار و كارایی ی.ن.ك لەو بوارەدا هەڵبەتە ئاستەنگەكان زۆر و قورستر بوون لەبەردەم پڕۆسەی جێبەجێكردنی ئەو ئامانجەدا، بەڵام لە داهاتوودا یەکێتی دەبێت شێلگیرانەتر خەبات و چالاكییەكانی چڕتر بكات و ئاشكراتر دروشمی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بەرز رابگرێت و ناسنامەی خۆی وەكو حزبێكی سۆشیال- دیموكرات ئاشكرا بكات و دروشم و ئامانجەكانی تۆختر بكاتەوە، لە رێگەی خەباتی پەرلەمانی و لەو بەشەی كە بەشدارە لە حوكمڕانیی كوردستاندا. لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەبێت بە پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسای مرۆڤدۆستانە لەو بوارەدا كاری بەرچاو بكات لە داهاتوودا.
ناسنامەی یەکێتی لای خەڵک
بۆ ئەمەش باشتر وایە لە رێگەی میدیاكانییەوە زیاتر ناسنامەی ی.ن.ك واتا جیاوازییەكانی لەگەڵ پارت و هێزە سیاسییەكانی تردا بخاتەڕوو.
ئەوەی كە لە بەرنامە و پڕۆگرامەكەیدا هاتووە، لەسەر ئەو ئامانجانە شۆڕی بكاتەوە و میكانیزمی گونجاوی بۆ دابنێت و كاری لەسەر بكات.
ئەو ئامانجانە دەبێت لە نێوان دوو كۆنگرەدا فیدباگی بۆ بكرێت و پێداچوونەوە و بەدواداچوونی بۆ بكرێت كە ئایا چەندی جێبەجێكراوە و چەندی ئاستەنگی بۆ هاتۆتە پێش؟ دەبێت ئامانجەكان لە تەنها دروشم بێتە دەرەوە بۆ مەیدانی پراكتیكی.
لە سیستمی سۆشیال دیموکراتدا، نابێت دیاردەی بێلانەیی و هەژاری و بێکاری هەبێت