ململانێی نەوەکان

ململانێی نەوەکان لە بواری بەهاکان

09:42 - 2025-06-12
کنێر عەبدوڵڵا
64 خوێندراوەتەوە

(13)

ئەمجۆرە ململانێیە، یەکێکە لە دیارترین دیاردە کۆمەڵایەتییەکان، کاتێک روودەدات کە نەوە جیاوازەکان تێڕوانینی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە پێوەر و پرەنسیپەکانی هەڵسوکەوتی تاکەکان کە بەشێوەیەکی تایبەتی خۆیدەبینێتەوە لەنێوان نەوەی رابردوو کە پابەندن بە بەها نەریتییەکان و نەوەی ئێستا کە بیرۆکە و چەمکی جیاواز بنیات دەنێن کە لەگەڵ گۆڕانکارییە کەلتورییەکان و تەکنۆلۆژیادا یەکبگرێتەوە. 
لە کۆمەڵگە تەقلیدییەکاندا، زۆرجار بەهاکانی پەیوەست بە خێزان، رێز، خۆڕاگری و ئەرک، زاڵە، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا، نەوەی ئێستا دەیانەوێت ئەو بەهایانە لەخۆبگرن کە جەخت لەسەر کەسێتی و ئازادیی تاکەکەسی و نەرمی لە بیرکردنەوە دەکەن.
ئەم ململانێیە دەشێت لە بوارەکانی وەک پەروەردە، کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دەربکەوێت. بۆ نموونە، نەوەی رابردوو  پابەندبوون بە بەها نەریتییەکان لە کار و بەردەوامیی بە گرنگی بۆ سەرکەوتن دەزانن، لە کاتێکدا نەوەی ئێستا هاوسەنگی نێوان کار و ژیانی کەسێتی پەسەند دەکەن و بەدوای رێگەیەکی نوێدا دەگەڕێن بۆ دەربڕین لە خۆیان لە ژینگەیەکی نەرمدا. 
پێشکەوتنی خێرای تەکنۆلۆژیا هۆکارێکە، چونکە نەوەی ئێستا لە ژینگەیەکی دیجیتاڵیدا گەورە بوون کە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر بەها و ئەولەوییەتەکانیان. 
نەوەی رابردوو لە جیهانێکی نەریتیدا گەورەبوون کە بە زەحمەت خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا دەگونجێنن. بۆ نموونە، نەوەی رابردوو بەها تەقلیدییەکانی وەک کارکردنی جددی و دڵسۆزی وەک تاکە رێگە بۆ سەرکەوتن دەبینن، لەکاتێکدا نەوەی ئێستا تەکنۆلۆژیا بەکاردەهێنێت بۆ زیادکردنی بەرهەم و هاوسەنگیی کار و ژیان و دەربڕین لە خود، بەشێوازی داهێنەرانە.
گۆڕانکارییە ئابوورییەکان هۆکارێکی ترە، لە نەوەکانی رابردوودا، سەقامگیریی کار، مانەوە لە کارێکی درێژخایەن و کارکردن لە بوارە پیشەییە بەناوبانگەکاندا گرنگیی هەیە، بەڵام نەوەکانی ئێستا پیشەی سەربەخۆ، کارکردن و گەڕان بەدوای دەرفەتی نوێدا پەسەند دەکەن.
پەروەردە و بەها ئەخلاقییەکان هۆکارێکی ترە، نەوەی رابردوو پەروەردەی تەقلیدی و ستانداردی ئەکادیمی وەک بناغەیەک بۆ بنیاتنانی کەسایەتی و بەدەستهێنانی سەرکەوتن دەبینن، لەکاتێکدا نەوەی ئێستا پەروەردە بە نەرمی دەبینێت و رێگە بە فێرخوازان دەدات توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکاندا گەشە پێبدەن.
لە رابردوودا، بەهاکانی وەک رێز، وابەستەبوون بە ژووانەکان و راستگۆیی  سەیر دەکرا  لەو روانگەیەی جێگیرە و جێی دانوستان نییە، بەڵام نەوەی ئێستا، کراوەترن بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی ئەم بەهایانە و جیهانگیری و کرانەوەی کەلتوریش کاریگەریی قووڵی لەسەر نەوەی ئێستا هەیە کە دەبێتە هۆی بەریەککەوتن لەگەڵ بەها نەریتییەکانی کە نەوەی رابردوو پێوەی پەیوەست دەبن.
 ئاستەنگی دەروونی و کۆمەڵایەتی هۆکارێکی ترە، لە کاتێکدا نەوەی رابردوو نیگەران دەبن لەوەی بەها نەریتییەکان دووچاری هەڕەشە یان لەناوچوون دەبنەوە، بەڵام نەوەی ئێستا هەست بە گەمارۆدان دەکەن لە نێوان چاوەڕوانییە تەقلیدییەکان و گوشارە کۆمەڵایەتییەکانی کە لەگەڵ شێوازی ژیانیان ناگونجێت.
ململانێی نەوەکان لە بەهاکاندا بەشێکی سروشتییە لە گەشەی کۆمەڵگەکان و پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و پەیوەندیی بە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانەوە هەیە لە تێگەیشتنی تاکەکان بۆ ژیان و کۆمەڵگە و دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی داهێنان و نوێبوونەوە. 
دیالۆگ و تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان نەوەکان چارەسەری گونجاوە، کاتێک هەر نەوەیەک لە چوارچێوەی ژیانی یەکتر تێبگات دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان  و دەتوانرێت سیاسەتی پەروەردەیی و پیشەیی بنیات بنرێت کە هانی کارلێک بدات لەنێوان نەوە جیاوازەکان و سوود لە ئەزموونەکانی نەوەی رابردوو وەربگرێت و بیروبۆچوونەکانی نەوەی ئێستا پەسەند بکات.
[email protected]

وتارەکانی نوسەر