ئەم هەموو ترسە چۆن بنێژم؟

11:22 - 2025-04-24
ئەدەب و هونەر
50 جار خوێندراوەتەوە

سەلام سەعید

 

بەچی دەچێت ئەم هەموو سەدای رۆحە،
کە نەتوانێ بە تریفە چاو بڕێژێ و
بە بزەیەك چەند پەیڤێ رازاوە بکات!
بە چی دەچێت لە تازەترین پەی بردن،
بە نەرمی پرسیارەکانی ئەو 
تۆ سەد هێمای پرسیار، 
لەبەردەم رێچکە رێگای وەڵامەکاندا ، دابنێی.
ئای لە تۆ،
نە نەرمە هەواڵێ، نە نیگای پرسیارێ،
نە مشتێ پیتی نەنوسراو
لە رستە و دەستە واژەیەکدا،
نە لە هەگبەی ئەو کورتە چیرۆکانەی
رازەکانی تیدا هەڵ دەگریت و
نە ئەو نهێنییە نەوتراوانەش، بەکەس دەڵێیت .
لە بەردەم سەرنجەکانی دڵدا
وردوخاش دەبن.
من لە نهێنی پرسیارێکم  پرسی
گوڵڕەنگ
بە رازانەوەی چواردەوری پڕ کردبوو.
لە چڵە ناسکەکانی وەڵامی ریحانەی بەرسوێی
بانیژەی بەیانیانی گەڕەك،
بە نەرمە ئاوپژێنێ ئەو کۆڵانەی پڕ دەکرد لە بۆن
لە رەنگ لەوەڵام .. لەهەنگاوی شپرزە ،
بەبیرت دێ بەیانیان لە سوێی دەرگاوە
سەرنجت لەکۆڵان چاوشارکێی دەکرد؟
بەبیرت دێ تا ئاودیوی دەرگا دەبوویت 
چەند پرسارت لە خۆت ئەکرد؟
دەبێ ئێستا لە کوێی کۆڵانی خەیاڵدا
سەرنجی نیگای بەڕێکات .
بڵێی چاوەڕوانیی ماندووی نە کردبێ؟
بڵێی یەکەم هەنگاو بۆلای من
چەند چرکەی مابێ بۆ وتن؟
بڵێی بۆ دواکەوتبێ ..ئەم بەیانیە پاساریەکان
لەسێبەری باڵە تەپەی یەك دەترسان .
ئەم هەمو چرکانە چۆن کۆکەمەوە
ئەم هەمو وەڵامانە چۆن لە پریاسکە کەم؟
ئەم هەمو ترسە چۆن بنێژم ؟
لەسەر جەستەی ئەم وەڵامانە
ورتە ورتی وتن بەکوێ دەگات؟ 
ئەم هەمو خەونە ناخۆشانە
لە دەنگی قرچوهوڕی تێکشکانی رۆح دەچێت.
من هیچ ناڵێم ..
هەرچی دوعای نوێژە بارانەیە
دەی پێچم لە سنگمەوە،
بەڵکو نزای پاڕانەوەی قەدەری بارینی
ئەم ئاگری سوتان و هەڵقرچانەی جەستەم
فێنك بکاتەوە ..
بیرت بێ پیاوێك لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا،
بەئاوازی پەیڤی شیرینەی تەمەن،
پێی وتیت: ئاگات لە روحم بێ ... ئەی ژن.
تۆش پرچت دا بەلایەکدا و 
کام چڵی ناسکی تەمەن بوو
لە بەرۆکی وەڵامت دام و
 بەدوا قومی جگەرەکەت سپارد،
 لە ژورەکەدا.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان