پەیوەندیی هونەریی نێوان ئایکۆنی لوبنانی، فەیروز و کوڕە میوزیکژەنەکەی، زیاد رەحبانی، بە یەکێک لە کاریگەرترین و ئاڵۆزترین هاوبەشییەکانی مێژووی میوزیکی نوێی عەرەبی دادەنرێت.
ئەم هاوپەیمانییە، کە لەسەر بنەمای بێدەنگیی ئەفسانەیی فەیروز و میوزیکە یاخیبووەکەی زیاد بنیات نرا، قۆناغێکی نوێی بۆ هەردوو هونەرمەندەکە و تەواوی گۆرانیی عەرەبی خوڵقاند.
هاوکارییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دەستیپێکرد کاتێک زیاد، کە تەمەنی تەنیا 17 ساڵ بوو، ئاوازی گۆرانیی "سألوني الناس"ی بۆ دایکی دانا. ئەمە سەرەتای گۆڕانکارییەکی ریشەیی بوو. لە رێگەی بەرهەمە بەناوبانگەکانی وەک "كيفك إنت" و "أنا عندي حنين"، زیاد سیمای گشتیی فەیرووزی لە قاڵب دایەوە و کردی بە ژنێکی نزیک لە خەڵک، کە باسی عەشق، دڵشکان و ژیانی رۆژانەی دەکرد، بەمەش نەوەیەکی نوێی لەگەڵ دەنگی فەیروز ئاشت کردەوە.
سەرەڕای پەیوەندییە کەسییە ئاڵۆزەکەیان و کەسایەتیی رەخنەگرانەی زیاد، میوزیک هەمیشە ئەو خاڵە هاوبەشە بوو کە کۆی دەکردنەوە. بە لەدەستدانی زیاد، فەیروز نەک هەر کوڕەکەی، بەڵکو گرنگترین هاوبەشی هونەریی ژیانیشی لەدەست دا.
لەکاتێکدا بێدەنگییەکەی فەیروز بەردەوامە، ئەو میراتە هونەرییەی کە پێکەوە بەجێیان هێشت، شایەتحاڵی دیالۆگێکی هونەریی بێوێنەیە کە شوێنپەنجەیەکی هەمیشەیی لەسەر کولتووری عەرەبی جێهێشتووە.
سەرچاوە: سەیدەتی