یەکەمین پێشبڕکێی کۆمیدیا لە رۆژئاڤای کوردستان رێکدەخرێت

09:35 - 2025-06-03
هەمەرەنگ
57 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی رۆشنبیری لە رۆژئاڤای کوردستان، رێکخستنی یەکەمین پێشبڕکێی «کۆمیدیای هۆشیاری» راگەیاند و چەند مەرجێکیشی بۆ ئەو کەسانە داناوە، کە ئارەزووی بەشداریکردن دەکەن لەو چالاکییەدا.
پێشبڕکێکە لە رۆژی 1-6ەوە دەستیپێکردووە و تا 1-8ی داهاتوو دەخایەنێت و دەستەی رۆشنبیری لە رۆژئاڤای کوردستان مەرجەکانی روونکردووەتەوە، کە دەبێت کۆمیدیاکە ئامانجداربێت و لایەنی مرۆیی و کۆمەڵگەیی و پەروەردەیی بگرێتەوە و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی پتەوبکات.
هەروەها دەبێت ماوەی ڤیدیۆ کۆمیدییەکە 3 بۆ 4 خولەك بێت و بەشداربوو خۆی بەرهەمی هێنابێت جا بە مۆبایل بێت یان کامێرا.
هەر لەنێو گرتە ڤیدیۆییەکەدا، نابێت دیمەنی توندوتیژی یاخود سوکایەتی بە هیچ لایەنێکی تێدا بێت، هەروەها نابێت ناوەڕۆکی ئایینی یان نەژادیی خراپ و وتاری رق و کینە لەخۆی بگرێت.
هیچ مەرجێك بۆ تەمەن و رەگەز دانەنراوە، هەموو کەسێك دەتوانێت بە تاك یاخود لەگەڵ گروپ بەشداری بکات. لەگەڵ ئەو مەرجانەی سەرەوە، چەند مەرجێکی دیکەش دەستنیشانکراون، هەروەها خەڵات بۆ سێ یەکەمەکە دابین دەکرێت هەم بۆ باشترین نمایش و هەم بۆ باشترین ئەکتەر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان