بوکەخان بە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرم دەچێتە ئاهەنگەکەی

09:38 - 2025-06-03
هەمەرەنگ
55 جار خوێندراوەتەوە

بوکەخانێکی خەڵکی بەرازیل بە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرم دەچێتە ئاهەنگەکەی و کەسوکار و خزم و هاوڕێکانی تووشی سەرسوڕمان دەکات.
بوکەکە ناوی دانێلا سینیۆرە و تەمەنی 33 ساڵە، کاکی زاواش ناوی ئەپۆلۆ سکاریتە و تەمەنی 31 ساڵە، چیرۆکەکەیان لە شاری ساوپۆلۆی بەرازیلەوە دەستیپێکردووە و سەرنجی بەرازیلییەکانیان بۆ خۆیان راکێشاوە.
ئەو رۆژەی دەچێتە کڵێسا بۆ رێوڕەسمی هاوسەرگیرییان، بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە گواستنەوەی تەرم دەڕوات و دەبێتە مقۆمقۆی ئامادەبووان تا بە ناچاری لەگەڵ زاوا روونکردنەوە دەدەن و باس لەوە دەکەن، چیرۆکی ئۆتۆمبێلەکە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی چواری ساڵی 2023 کاتێك بۆ یەکەمجار لە رێوڕەسمێکی بەخاکسپاردنی کەسێكدا، یەکتر دەبینن.
زاوا بەڕێوەبەری نوسینگەیەکی بەخاکسپاردنی مردووانە و کچەکەش لەگەڵ یەکەم بینینی، عاشقی کوڕەکە دەبێت. خۆی بە میدیای ناوخۆیی بەرازیلی وتووە، چەندینجار چووە بۆ رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کەسانێك، کە هیچ ناسیاوییەکی لەگەڵیاندا نەبووە تەنها بەو ئومێدەی سوارچاکی خەونەکانی ببینێت. ئەو رەوشە ساڵێك زیاتری خایاندووە تا کاکی زاوا بە بابەتەکە دەزانێت و لە هاوینی رابردوودا بەڵێنی هاوسەرگیری بە یەکتری دەدەن.
بوکەخان بە شۆخییەوە وتوویەتی، هەندێكجار تەنها بۆئەوەی سکاریت ببینم، باوەشم بە کەسوکاری مردووەکاندا دەکرد، بەڵام هەموو جارێکیش لە رێوڕەسمەکاندا ئامادە نەدەبوو، چونکە بەڕێوەبەرە و زۆر سەرقاڵی کارەکەیەتی و ئاگای لە دانێلا نەبووە. زاواش بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن وتوویەتی؛ پێشبینی ئەو هەموو کاردانەوەیەمان نەدەکرد، بڕیارماندا ئۆتۆمبێلەکەی کۆمپانیاکەم بەکاربهێنین، چونکە بەشێکە لە چیرۆکەکەمان و لەوێوە خۆشەویستیمان دەستیپێکردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان