گۆڕانی ژینگە قەیرانی نەستەلە زیاد دەکات

09:15 - 2025-06-05
ژینگە
42 جار خوێندراوەتەوە
دابەزیـنی بەرهەمهێنانی نەستەلە، کە بەهۆیەوە کاکاو لە رۆژئاوای ئەفریقاوە هاوردە دەکرێت

ئا: دڵان سامان


گۆڕانی ژینگە و داڕمانی ژیانی کێوی، دەبنە هۆی تەشەنەسەندنی «قەیرانی نەستەلە» لە یەکێتیی ئەوروپادا، چونکە کاکاو یەکێکە لەو ماددە سەرەکییانەی لەو وڵاتانەوە دێت کە لەژێر هەڕەشەی گۆڕانی ژینگەدان.
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای ژینگەی ئەوروپا، زیاتر لە سێ یەکی کاکاو و قاوە و پاقلەی سۆیا و برنج و گەنم و گەنمەشامی کە ساڵی رابردوو بۆ یەکێتیی ئەوروپا هاوردەکراون، لەو وڵاتانەوە هاتوون کە بەباشی بۆ گۆڕانی ژینگە ئامادە نین.
هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، سێ بەرهەمی سەرەکیی (کاکاو، گەنم، گەنمەشامی) سێ یەکی لەو وڵاتانەوە دێن لە رووی جۆراوجۆریی بایۆلۆژیی خاکەوە سەلامەت نین.
زاناکان جەختیان لەوە کردووەتەوە ئەو زیانەی بەر بەرهەمهێنانی خۆراک کەوتووە بەهۆی داڕمانی دۆخی ژینگەوە، هۆکاریشە بۆ نەمانی جۆراوجۆریی بایۆلۆژی خاک، دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی کێڵگەکان نەتوانن بەرگەی گۆڕانی ژینگە بگرن.
کامیلا هایسلوپ نووسەری سەرەکی راپۆرتەکە دەڵێت: «ئەمانە تەنیا هەڕەشەی تیۆری نین، بەڵکو بە چەندین رێگە کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر کۆمپانیاکان و وەزیفەکان دروست دەکات، جگە لە کەمبوونەوەی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخەکانی بۆ بەکاربەران، بەردەوامیش دۆخەکە خراپتر دەبێت».
ئەو راپۆرتانەی لێکۆڵەران ئامادەیان کردووە بۆ ئەو بەرهەمە سەرەکییانەی هاوردەی یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت، دەرکەوتووە یەکێتیی ئەوروپا %90ی ئەو گەنمەشامییەی هاوردەی دەکات لەو وڵاتانەوە دێن کە توانای بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ژینگەیان لە ئاستێکی مامناوەنددایە، 67 % یشی لەو وڵاتانەوەیە کە ئاستیان لەخوار مامناوەند یان نزمترە لە رووی جۆراوجۆریی بایۆلۆژیی خاکەوە.
سەبارەت بە کاکاو-یش کە ماددەیەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی نەستەلە و لە خودی ئەوروپا ناچێنرێت، توانای هاوردەکردنی گەیشتووەتــە 96.5 % ی ئامادەیی بۆ گۆڕانی ژینگە و 77 % بەپێی پێوەری جۆراوجۆری بایۆلۆژیی خاک.
دابـــەزیــنــــی  رێـــژەی هـــاوردەکردنی کاکاو لە ئەنجامی کەمبوونەوەی بەرهەمی کاکاوە، کە زۆربەی لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقاوە هاوردە دەکرێن، بەهۆی گۆڕانی ژینگە و کەمبوونەوەی جۆراوجۆریی بایۆلۆژییەوە بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی نەستەلە و بەرزبوونەوەی نرخەکانی، بۆ نموونە نرخی یەک تۆن کاکاو گەیشتووەتە 10 هەزار دۆلار، هاوکات راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە گەورە بەرهەمهێنەرانی نەستەلە پێویستە لە بواری خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی ژینگە و پاراستنی جۆراوجۆریی بایۆلۆژییدا وەبەرهێنان بکەن لەو وڵاتانەی کاکاو بەرهەمدەهێنن، جەختیان لەوەش کردەوە ئەوە رێوشوێنێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی کـــەمبــــوونـــەوەی بــــەرهــەمـــەکــان و دڵنیابوونەوە لەوەی جووتیاران نرخێکی دادپەروەرانە لەپای بەرهەمەکانیان وەردەگرن، بۆئەوەی بتوانن وەبەرهێنان لە بواری باشکردنی توانای کێڵگەکانیان لەبەردەم گۆڕانی ژینگەدا بکەن.
سەرچاوە: الجزیرە.نت

بابەتە پەیوەندیدارەکان