ئامادەکردنی - ئارما
لە گۆشەی یەك پرسیاری كوردستانی نوێ، لە عەلی ئەحمەد هونەرمەند و ئەكتەرمان پرسی؛ بە چییەوە سەرقاڵیت؟ لە وەڵامدا پێیوتین: ئێستا سەرقاڵی نووسینی دوو درامای كۆمەڵایەتیم، كە یەكێكیان كارەكانی تەواو بووە و ئەگەر ئامادەبكرێت زیاتر لە (120) دەقیقە دەردەچێت. لە داهاتوویەكی نزیكدا دەستدەكەم بە نووسینی ئەوەی دیکەشیان. هەردووكیان لە بواری كۆمەڵایەتیدان و خۆتان دەزانن لایەنی كۆمەڵایەتی ئێستا زۆر خراپە بەهۆی هەندێك درامای بیانییەوە، كە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی.
سەرقاڵی كارێكی نوێم، كە درامایەكە لەسەر بابەتی ژن بە ژنە و پیاوی دوو ژن لە كۆمەڵگەی كوردیدا. ئەوەش بابەتێكی زۆر كۆمەڵایەتییە و بڕیارە لە نزیكترین كاتدا دەستپێبكات و لەگەڵ كەناڵی كوردسات-یش درامایەكمان هەیە و چاوەڕێی دەستپێكردنی كارەكەین و هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا دەستپێبكەین.
وتیشی: بەهۆی نەمانی کاری وەزیفیم، زیاتر سەرقاڵی لایەنی كۆمەڵایەتیم و دەمەوێت كار لەسەر ئەو بابەتە كۆمەڵایەتییانە بكەم. پێویستە هەموومان ئەو كارە بكەین و هەموولایەك پشتگیری هونەرمەندان بكەن.