دیداری- ئه‌یاز هه‌ركی
بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو وەفدێکی هاوبەشی کوردی رۆژئاوای کوردستان سەردانی شام بکات، بهمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە ماف و داواكارییه‌كانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە سوریای نوێ‌دا، وەفدەکەش لە نۆ کەس پێکدێت و هه‌موو لایەنە كوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان لەخۆدەگرێت.
دەستوورێک مافی هەمووان لەخۆبگرێت
له‌وباره‌یه‌وه ئه‌حمه‌د سلێمان، جێگری سكرتێری پارتی پێشكه‌وتنخوازی كورد له سوریا و ئه‌ندامی وەفدەکە، به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: لە دوای به‌ستنی کۆنفرانسی یه‌كڕێزی و یه‌كهه‌ڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ رێككه‌وتی 26ی نیسانی 2025، کۆدەنگییەکی کوردی دروست بوو لەسەر دۆخی گشتی سوریا و سوریایەکی لامەرکەزی و دەستوورێک لەسەر بنەمای هاوبەشی بۆ هەموو پێكهاته‌كانی سوریا، دەستوورێک کە مافی هەمووان لە سوریای نوێ‌دا گەرەنتی بکرێت.
ئەو سیاسەتمەدارە وتیشی: پێویسته هەموو پێكهاته‌كانی سوریا بەشداری لە دەسەڵاتدا بکه‌ن و هاوبه‌ش بن لە بڕیار، بەتایبەتی بۆ کورد کە پێویستە ناوچه‌كانی خۆیان بەڕێوە ببەن، دەبێت لایەنە کوردییەکان له كۆنفرانسه‌كه‌دا پێداگری لەسەر یه‌كڕێزی و یه‌ك گوتاری کورد لە رۆژئاوای کوردستان بکەنەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا و فەرەنسا و حزبە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان رۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە به‌ستنی کۆنفرانسی یه‌كڕێزی و یه‌كهه‌ڵوێستی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.
پێکهێنانی وەفدی هاوبەش
روونیشیكرده‌وه، کە چەوساندنەوەی نه‌ته‌وه‌ی کورد لە سەد ساڵی رابردوودا و دانەنان بە مافەکانی و نەناساندنی وەک پێکهاتەیەکی ره‌سه‌ن و سەرەکی له سوریا، هه‌موو ئه‌مانە وایكرد، لایه‌نه كوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان یەکبگرن و وەفدێکی هاوبەش پێکبهێنن، کە هەموو حزبە کوردییەکان لەخۆبگرێت، وتیشی: ئێمە لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی شام دەکەین به مه‌بەستی گفتوگۆکردن لەسەر مافەکانی کورد و جێگیركردنی ماف و ناسنامەی کورد لە دەستووری نوێی سوریادا و خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە، ئێمە پێداگری لەسەر سیستەمی لامەرکەزی بۆ ده‌وڵه‌تی نوێی سوریا ده‌كه‌ین، پشتبەستوو بە واقیع و خەبات و قوربانیدانی کورد لە به‌رگریکردن و هەروەها پاراستنی خاكی سوریا له تیرۆرستان، لەبه‌رامبه‌ر ئەوەدا دەبێت کورد ناوچه‌كانی خۆی به‌ڕێوه‌ببات لە سوریای نویدا.
ئه‌حمه‌د سلێمان: هیوادارین حكومه‌تی شام به سنگێکی فراوان و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مێژووییه‌وه بڕوانێتە پرسی کورد و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد بدات
هەنگاوێکی مێژوویی گرنگه
ئه‌حمه‌د سلێمان له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی: وەفدی كوردی بۆ شام لە نۆ کەسی سەر بە حزبە کوردییەکان پێکدێت لە پاڵ نوێنەرێكی خەڵکی عەفرین و ئێمە بە چەندین دۆسیه‌ی گرنگەوە سەردانی شام دەکەین و دانوستاندنه‌کانی نێوان وەفدەکەمان و حکومەتی سوریاش هەنگاوێکی مێژوویی گرنگه.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەمریکا و فەرەنساش ئاگادارن و رۆڵی خۆیان دەگێڕن و واشنتۆن ئێستا رۆڵی باشترە لە پێشوو و رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی سوریا، بەتایبەتی دوایی دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شه‌رع لە سعودییە.
ئەو سیاسەتمەدارەی سوریا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: کورد لە رابردوودا ململانێ‌یان هەبوو لە ناوخۆییاندا، بەڵام ئەمڕۆ له به‌رده‌م دەرفەتێکی مێژووییدان لە سوریا، کە هەم هیوایه‌كی بۆ میلله‌تی كورد دروستکردووە و هەمیش مه‌ترسی و هەڕەشەی به‌رده‌وام لەسەر ناوچە کوردییەکانی سوریا هه‌یه، بۆیە پێکهێنانی وەفدی هاوبەش بۆ سەردانی شام له‌م قۆناغه‌دا، هیوایه‌كی زیاتر به نەتەوەی کورد ده‌به‌خشێت، بە تایبەتی بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان.
وڵات له شه‌ڕی ناوخۆیی بە دوور بگرن
جێگری سكرتێری پارتی پێشكه‌وتنخوازی كورد دەڵێت: گۆمانی تیادا نییە کە چەندین ئاسته‌نگ و بەربەست له‌ڕێگه‌ماندا هەیە، بەڵام دۆخی ئێستای ناوچەکە و سوریا یارمەتیدەرە، هیوادارین كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی شام به سنگێکی فراوان و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مێژووییه‌وه بڕواننە پرسی کورد و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد بدەن، بە شێوەیەکی ئاشتیانە، وڵاتیش له شه‌ڕی ناوخۆیی بە دوور بگرن.
ئه‌حمه‌د سلێمان وتیشی: خاڵێکی سەرەکی دیکەی گفتوگۆی وەفدەکەمان لەگەڵ حکومەتی شام، پرسی گەڕانەوەی پەنابەرانی سه‌رێ كانی، گرێ سپی و عەفرین ده‌بێت، بۆ ئاسانكاری و گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی كورد بۆ ناوچەکانیان، پرسێکی دیکەی مێژوویی و جوگرافی هه‌یه، چونكه لە ساڵی 1974ەوە نه‌ته‌وه‌ی کورد لە سوریا لەژێر ناونیشانی جیاوازدا چەوسێنراوەتەوە و هەزاران دۆنم زەوی و زاری هاووڵاتیان و جووتیارانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان داگیر کراوە و خەڵکی دیکەی هاوردە لە شوێنیان جێگیرکراوه.
گفتوگۆ لەسەر چەندین دۆسێ دەکرێت
جێگری سكرتێری پارتی پێشكه‌وتنخوازی كورد ئاماژەی بەوەکرد، کە چەندین دۆسیه‌ی جیاواز هه‌ن تایبەت بە کورد لە سوریا، وەکو وەفدی دانوستانکاری کورد بۆ شام، لەسەر مێزی دانوستاندن بە وردی گفتوگۆی له‌سه‌ر دەکەین.