ئاوات كۆكەیی
شەهید خدر محەمەد مستەفا بابەكر ناسراو بە خدر بادینی، لە دایكبووی ساڵی 1960ی گوندی (بادین)ی ناحیەی هێرۆی قەزای پشدەرە.
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی ســــــۆســــــــــیالیســــــــــتی كوردستانەوە (كە باڵێكی ی.ن.ك بوو)، پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنی ئەو باڵەوە و پاشان بە هۆی دۆستایەتی و تێكەڵاوی باوكی شەهید خدر و سەركردەكانی شۆڕش، وەك: عەلی عەسكەری و دكتۆر خالید سەعید و رەسوڵ مامەند و ... هتد)، كە داوای لێدەكەن بەشداریی لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشدا بكات، باوكیشی بەڵێنیی هاوكاری و پشتیوانییان پێدەدات و هاوكات خدری كوڕیشی دەبێتە پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕشەكە.
لە ماوەی پێشمەرگایەتیشدا بەشداریی چەندین نەبەردیی كردووە، لە وانە: شەڕی چیای ئاسۆس، شەڕەكەی گوندی باوزێ لە 13/7/1977 و لەوێ برینداریش كرا، هەروەها شەڕە گەورەكەی دەشتێو بە فەرماندەیی شەهیدی سەركردە سەعدی گچكە لە 8/3/1978دا.
شەهید خدر لە داستانەكەی دەشتێودا، بەهۆی شارەزایی لە سنوورەكە، رۆڵێكی گرنگی بینیوە، چونكە دەشتێو گوندی پاپیرەگەورە و خزم و كەسوكارەكەی بووە، بۆیە هەر لەسەرەتای شەڕەكەوە دەچێتە خاڵی پێشەوەی شەڕەكە و لەناو سەنگەرەكەیدا بەگژ هێرشی دوژمندا دەچێتەوە، بەهۆی نزیكیی هێرشبەرەكانەوە لە پێشمەرگە، شەهید خدر لێیان دێتە دەست و زیاتر لە 10 سەربازی دوژمن دەكوژێت.
ئەو هەڤاڵانەی كە بەشداریی شەڕەكەیان كردووە و ئێستا لە ژیاندان، لەگەڵ بەشێكی خەڵكی دەشتێو، ئەو راستییە دەزانن.
دوای درێژبوونەوەی كاتی شەڕەكە و لە ئێوارەدا، شەهید خدر بە سەختی و بە بۆردومانی هێلیكۆپتەر بریندار دەبێت، لەو بارودۆخە سەختەدا كە ماوەیەكی زۆر هێزی دوژمن ئەو سنوورەی تەنیبوو، شەهید خدر بە برینداری و لە ئەشكەوتێكدا خۆی پەناداوە، لە سێیەم شەودا دەچێتە ماڵی ناسیاوێكی خۆیان بەناوی (حەمەعەلی) لە گوندی دەشتێو، ئەوانیش بەخێرایی بەرگە خوێناوییەكەی بۆ دەگۆڕن و دەنێرن بەدوای دكتۆردا بۆ چارەسەركردنی، پاشان لەلایەن كەسوكارەكەیەوە، دەگـــــەیـــــەنرێتـــــــــــەوە سەركردایەتی.
كــــــــــە بزووتنـــــەوەی سۆسیالیستی لە یەكێتی جیابۆوە و بوو بە حزب، شەهید خدر لە ریزی ئەو حزبەدا درێژەی بە پێشمەرگایەتی دا.
رۆژی 5/5/1980، هێزێكـــــی حــــــــــزبــــــــــی سۆســــیالیست لە گوندی (دووگۆمان)ی پشــــدەر، كەوتنە بۆسەی جاشەوە و لــــە ئەنجــــامدا نۆ پێشمەرگەیان دیلكران، كە شەهید خدر یەكێكیان بوو.
بەداخەوە، شەوی 29\30/11/1980، خدر محەمەد و شەش هاوڕێی لە زیندانی موسڵ لە سێدارە دران و گەیشتنە كاروانی سەروەران.
رێكخستنی دێرینی یەكێتی و كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان (عەلی حەمەبۆر سەنگەسەری)، لەكاتی سەردانی كەسوكاری شەهید خدر بۆ زیندان، ئەویش سەردانی كردووە و لە ناو ئایسكرێمدا كامێرای بردۆتە ناو زیندانەوە و وێنەی شەهید خدری گرتووە.
*زانیارییەكان لە (فەتاح محەمەد)ی برای شەهید خدرەوە وەرگیراون.
شەهید خدر بادینی لە ناوەڕاست، ئەم وێنەیە بە نهێنی لە ناو زیندانی موسڵ گیراوە، بەكامیرای عەلی حەمەبۆر- ساڵی 1980