ئاسكەكانی گەرمیان لەنێوان گەمارۆی وشكەساڵیی و چاوچنۆكیی راوچییاندا

12:45 - 2025-06-16
ڕاپۆرت
32 جار خوێندراوەتەوە
#سەرەڕای راوکردن، وشکەساڵی مەترسییەکی دیکەیە لەسەر ژیانی ئاژەڵەکێوییەکان

راپۆرتی/ سامان یاروەیس 


ئاژەڵە كێوییەكانی گەرمیان لەنێوان گەورەترین هەڕەشەی راوچی، بەرپرسەكان، كەم ئاوی و وشكەساڵیدان، ژینگەپارێزانی سنوورەكەش داوای پاراستنیان دەكەن، دانیشتووانی گوندەكانی سنووری قۆرەتوو و بناری بەمۆ بەشێك لە بەرپرس و دەوڵەمەندەكان بە راوكردنی بێچووەئاسكەكان و بردنیان بۆ باخەكانیان تۆمەتبار دەكەن.
مامە حەمید هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندەكانی سنووری قۆرەتووە، بۆ كوردستانی نوێ وتی: ساڵانە ئاسكەكان لە ناوەڕاستی بەهار تا وەرزی دروێنە زاوزێ دەکەن و لەناو دەغڵوداندا بێچووەكانیان دەشارنەوە، بە تایبەت لە نزیك ئەو كەندڕ و جۆگەلانەی ئاویان تێدایە، بەڵام بەهۆی چاوچنۆكی راوچییەكان، بەشێك لە بەرپرسان و دەوڵەمەندەكانەوە ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە.
وتیشی: پۆلیسی دارستان لە سنوورەكەدان، رۆڵی باش و بەرچاویان هەیە، بەڵام بەداخەوە هەلپەرستان بە هەرشێوەیەك بێت هەوڵی ئەوە دەدەن زیان بەو ئاژەڵانە بگەیەنن، ساڵانە چەندین بێچوو دوور لە چاوی هەموولایەك راودەكرێن و هەندێکجار بازرگانیشیان پێوەكراوە.

كەڵەكێوییەكانی كەلی بێشكان لە مەترسیدان 
ئەحمەد كاكە هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی مەحمود قەجەرە كە دەكەوێتە سنووری ئێران نیگەرانە و دەڵێت: ژمارەیەكی زۆر كەڵەكێوی و ئاسك لە سنووری نێوان ئێران – هەرێمی كوردستاندا هەیە لەلای گوندەكەی ئێمەوە، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی راوكردن و كەیفخۆشی دەوڵەمەند و بەرپرسەكان دەچنە سنووری ئێرانەوە.
وتیشی: راوچی و دەوڵەمەندەكان دێن بە دوو شەو لێرە دەمێننەوە، كەمین بۆ كەڵەكێوییەكان دادەنێن و بە چەكی قەناس راویان دەكەن، بە تایبەت لەو سنوورانەی كە موحەرەمەن، واتە پۆلیسی دارستان ناتوانن بیبەزێنن و بچن بۆی.

وشكەساڵی مەترسییەكی دیکەیە
سەرەڕای راوکردن، وشکەساڵی و کەم ئاوی لە گەرمیان مەترسییەکی دیکەیە لەسەر ژیانی ئاژەڵەکێوییەکان.
یاسین حەمەئەمین سەرۆكی گروپی ژینگەپارێزانی گەرمیان بە كوردستانی نوێی وت: وشكەساڵی مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ئاژەڵە كێوییەكان بە شێوەیەكی گشتیی و بە تایبەتی ئاسك، لەبەرئەوەی ئەمساڵ بارانبارین كەم بووە و چاوەڕوانی كەم ئاوی دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم وەرزە، وەرزی زاو و زێیە و زیاتر پێویستیان بە ئاوە.
وتیشی: بە هاوكاری ئیدارەی گەرمیان، دەستمانكردووە بە دابینكردنی شوێن بۆ دانانی قەم و جۆگەلەی ئاو بۆ ئاژەڵە کێوییەکانی سنوورەکە، بۆ ئەوەی ئاوی لێ بخۆنەوە.
ناوچەكە فراوانە و پێویستی بە هەنگاوی بە پەلەیە، لەبەرئەوەی گروپی ژینگەپارێزانی گەرمیان، زووتر لە ساڵانی پێشوو دەستیان بە كاركردن كردووە.
سەرۆكی گروپی ژینگەپارێزانی گەرمیان دەڵێت: راوكردن هەیە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر كەمی كردووە، هۆكاریشی زۆرە، لەوانە زیاتر چالاكبوونی کارمەندانی پۆلیسی دارستان، بوونی چالاكوانی ژینگەپارێز، هۆشیاریی خەڵك و دروستبوونی بەزەیی بەرامبەر بە ئاژەڵان، ئەمانە هۆكاری زۆرباشن و رێگرییان لە زیاتربوونی راوكردن کردووە.

باخی بەرپرسەكان پڕن لە ئاسك
گوندنشینانی گەرمیان گلەییان لە بەرپرسان هەیە و تۆمەتباریان دەکەن بە راوکردنی ئاژەڵە کێویییەکان، بەوەش رێگرن لە زیادبوونیان لە ناوچەکەدا.
چالاكوانێكی بواری ژینگە لە گەرمیان بۆ کوردستانی نوێ وتی: ژمارەیەك باخ لەناو كەلار و دەوروبەریدا هەن ژمارەیەكی زۆر ئاسكیان تێدایە، لە شێوە و جۆری ئەو ئاسكانەن كە لە ناوچە جیاوازەكانی گەرمیاندان.
وتیشی: دانیشتووانی گوندەكانی گەرمیان گلەیی زۆر لە بەرپرسان و دەوڵەمەندان دەكەن،  بەوەی دەچنە ناوچە سنوورییەكان و كەڵەبزن و ئاسك راودەكەن، بەوەش رێگرن لە زیادبوونیان، جگە لەوەی چەند كەسێك فێربوون وەك دەڵاڵ بێچووی ئاسك بۆ باخی بەرپرسان دەبەن.
تیمەكانی پۆلیسی دارستانی گەرمیان، سەرەڕای بوونی گرفت و كۆسپی زۆر، بەڵام تەواوی هەوڵی خۆیانداوە بۆ رێگریكردن لە راوكردنی ئاژەڵە كێوییەكان و بە وتەی ژینگەدۆستان كاریگەرییان هەبووە لەسەر پاراستنی ژیانی بەشێک لە ئاژەڵەکان.
مقەدەم هاشم عەلی وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هەركەسێك بەڵگەی هەبێت دەتوانێت بیخاتەڕوو بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرینەبەر کە راو دەکەن.

بەرپرس رووبەڕووی دادگا كراوەتەوە 
پۆلیسی دارستانی گەرمیان، لە ماوەی رابردوودا چەندین راوچی راپێچی دادگا کردووە و هەندێکیشیان سزادراون.
وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان وتی: ژمارەیەكی زۆر راوچی رەوانەی دادگا كراون و راوچی هەبووە بەهۆی راوكردنی ئاسكەوە زیاتر لە ساڵێك سزای زیندانی بۆ دەرچووە، هەروەها هەر راوچیەك دەستگیر دەكرێت راستەوخۆ دۆسیەی بۆ دەكرێتەوە و رەوانەی دادگا دەکرێت.
وتیشی: بەرپرس هەبووە لەسەر راوکردن رووبەڕووی دادگامان كردووەتەوە، هەركەسێك لە هەر پلەیەكدابێت لە كاتی راوكردندا دەستگیری بكەین دۆسیەی بۆ دەکەینەوە و رەوانەی دادگای دەکەین.

ئاماری سەرپێچیکاران
بەپێی ئامارێکی پۆلیسی دارستانی گەرمیان لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا 72 سەرپێچیكار دەستگیركراون، 14 تاپڕ و چوار كڵاشینكۆف كە لەلایەن راوچییەكانەوە بەكارهێنراون دەستیان بە سەردا گیراوە، جگە لە چەند كەرەستەیەكی دیکەی وەك دووربین، لایت، تۆڕ و چەندین كەرەستەی دیکەی راوکردن.
مقەدەم هاشم عەلی وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان دەڵێت:  بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین، هەرچەندە كێشەی كەمیی ئۆتۆمبێل و كارمەندمان هەیە، سووتەمەنیمان هەر زۆر كەمە، تەنانەت هەندێكجار ئەفسەرەكان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان دەچنە سەر ئەرک  و چاودێری، جاری واهەبووە زیاتر لە هەشت سەعات پاسەوانیی ئاسكەكان كراوە، لەبەرئەوەی زانیاری هەبووە راوچییەكان دەیانەوێت زیانیان پێ بگەیەنن.
وتیشی: سنووری جوگرافیای ئەركەكەمان فراوانە، بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت و پێویستی بە كەرەستە، ئۆتۆمبێل و كارمەندی زیاترە، بۆ نموونە، ئێستا كە وەرزی زاوزێیە، تەنانەت كارمەندانی نووسینگەكانیش رەوانەی ئەرك كراون و پاسەوانیی ئاسكەكان و بێچووەكانیان دەکەن.
وتەبێژی پۆلیسی دارستانی گەرمیان داوا لە هاووڵاتیان دەکات، وەك هەمیشە هاوكاریانبن و رێگە نەدەن ناوچەكانیان بۆ راوكردن بەكاربهێنرێت، جگە لەوەی خۆشیان دوور بكەونەوە لەو دیاردەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان