بەبۆنەی كۆچی دوایی پێشمەرگەی پارتیزان (مامۆستا زیرەك)ەوە

04:51 - 2025-06-16
کوردستان
13 جار خوێندراوەتەوە

حەیدەر مەنتك

هەندێكجار باسكردن و نووسین لەبارەی كەسێكەوە ئاسان نییە، چونكە هەرچۆن باسی بكەیت هێشتا هەستدەكەیت بە تەواوی مەبەستەكەت نەپێكاوە، منیش لەبارەی مامۆستا زیرەكەوە، رووبەڕووی ئەو راستییە بوومەوە.
مامۆستا زیرەك خدر حەمەدەمین، یەكێكە لە پێشمەرگە و كادرە دانەبڕاوەكانی شۆڕشی نوێ، بە باوەڕ و ئینتیمایەكی بەهێزی كوردانەوە روویكردە شاخ، بە بڕواننامە و ئاستێكی بەرزی رۆشنبیرییەوە بوو بە پێشمەرگە، قۆناغ بەقۆناغ لە كاروانی خەباتی گەلەكەیدا بەردەوام بوو، لە دوای ئەنفالیش بە پارتیزانی مایەوە و وەك كێو بەرامبەر رەشەبای داگیركاریی بەعس، وەستایەوە.
بەداخەوە، رۆژی 9/6/2025، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوت و ماڵئاوایی یەكجارەكی لێكردین.
ژیاننامەكەی
تێكۆشەری نەمر، زیرەك خدر حەمەدەمین خدر ناسراو بە مامۆستا زیرەك، لە دایكبووی رۆژی 25/9/1957ی قەزای كۆیەی پارێزگای هەولێرە.
دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی هەولێرە.
ساڵی 1978 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە و ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە لە‌‌ هەرێمی هەشتی هەولێر.
ساڵی 1981 بووە بە لێپرسراوی ئیدارە و دارایی هێزی پێشمەرگە لە دەشتی هەولێر، ساڵی 1982 وەك كادری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان لە تیپی 93ی كۆیە درێژەی بە خەبات داوە، ساڵی 1985 كراوەتە فەرماندەی مەفرەزە  لە كەرتی یەكی تیپی 93، ساڵی 1986 بووە بە جێگری فەرماندەی  كەرتی سێی هەمان تیپ و ساڵی دواتریش بۆتە فەرماندەی  كەرتەكە.
دوای ئەنفالی 1988 كراوە بە جێگری فەرماندەی تیپی 93ی كۆیە و ساڵانی دواتریش كراوەتە جێگری فەرماندەی تیپی 12ی سۆران.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداریی لە چەندین نەبەردیی هێرش و بەرگریدا كردووە لە سنووری مەڵبەندی سێی هەولێر و سنووری سەركردایەتی، چوارجاریش برینداكراوە لە داستانی قەیوان- ماوەت و شەڕی سماقوڵی و شەڕی مەلا ئۆمەر و ئازادكردنی كەركوكدا.
بە پارتیزانی درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە و لە راپەڕینی 1991یشدا كاریگەرانە بەشداریی كردووە.
دوای راپەڕین و لە تەشكیلاتی نوێی هێزی پێشمەرگەدا، كراوەتە رابەر سیاسیی هێزی 7،  ساڵی 1992 كراوەتە  لێپرسراوی كۆمیتەی رێكخستنی پێشمەرگە لە میحوەری (بیتوێن)، ساڵی 1993 دوای پێكهێنانی سوپای یەكگرتووی كوردستان كراوەتە لێپرسراوی هۆبەی هەواڵگریی لیوای 30، ساڵی 1994 كراوەتە فەرماندەی فەوجی تایبەتی كۆیە، ساڵی 1995 كراوەتە جێگری فەرماندەی لیوای تایبەتی كۆیە و ساڵی دواتریش بووە بە لێپرسراوی ئیدارەی لەشكری نۆی كۆیە.
وەك پێشمەرگەیەكی كەمئەندامی سەنگەر، لە ساڵی 2004دا بووە بە لێپرسراوی لقی كۆیەی پێشمەرگە كەمئەندامبووەكانی سەنگەر، ساڵی 2007یش بووە بە لێپرسراوی نوسینگەی كۆیەی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان.
ئەندامی كۆنگرەكانی یەك و چواری ی.ن.ك بوو، هەروەها دەرچووی خولی یەكی ئەفسەرانی قەڵاچوالان و دەرچووی خولی فەرمــاندەیی دانیشگای (ئیمام حوسێن)ە لە تاران، خاوەنی سێ مەدالیایە.
بە پلەی لیوا خانەنشین كراوە. بەداخەوە، رۆژی 9/6/2025، كۆچی دوایی كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان