ئێستا زۆربەی ژنان بۆ منداڵبوونیان روو لە نەشتەرگەریی دەكەن وەك لە سروشتی، بێئاگان لە مەترسییە لاوەكییەكانی نەشتەرگەریی و سەرباری ئەوەی كە دەزانن سروشتی باشترینە، بەڵام هەر نەشتەرگەریی هەڵدەبژێرن، وادەزانن كە منداڵبوون بە سروشتی لەشیان تێكدەدات.
د. ژیان ئەحمەد عەبدوڵڵا پزیشكی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون و نەزۆكی بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: تەمەنی منداڵ بەگشتی لە سكی دایكدا دەگاتە 40 هەفتە، هەندێكجار تا 41 هەفتەش دەڕوات، دایكەكە دەتوانێت چاوەڕێبێت تا دەگاتە ئەو ماوەیە، بەڵام بە مەرجێك تەندروستی دایك و منداڵەكە باش بێت، هەروەها پێشتر منداڵی بە نەشتەرگەریی نەبووبێت و هەندێك نەخۆشی نەبێت یان پێشتر منداڵ لە منداڵدانیدا نەمردبێت.
هەروەها وتی: هەندێك لە ژنان سەرباری زۆریی تەمەنیان دووگیان دەبن، بەڵام بەو مەرجەی لە سوڕی مانگانەی نەوەستابێت و ئەگەر سوڕی مانگانەكەشی لە ماوەیەكی كەمدا وەستابێت و چەند ساڵێكی نەخایاندبێت، ئەوە دەتوانێت دووگیان ببێت، چونكە لەوانەیە هێشتا چەند هێلكەیەك مابێت بۆ پیتاندن، كە ئەم حاڵەتەش دەگمەنە، ماوەی نێوان دووگیانبوون باشتر وایە دوو ساڵ بێت، زیاتر لەبەر منداڵەكە، تا دایكەكە دۆخی تەندروستی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، بەڵام ئەگەر دایكەكە منداڵەكەی بە نەشتەرگەریی بووبێت، باشتر وایە نێوان منداڵبوونەكەی و دووگیانبوونی لە یەك ساڵ كەمتر نەبێت، لە هەموو منداڵبوونێكدا كە بە نەشتەرگەریی منداڵەكە دەرهاتبێت، لە هەمان شوێنەوە (لەهەمان بڕینەوە) دەردەهێنرێت (واتە هەمان شوێن دەبڕینەوە).
ئەو پزیشكە پسپۆڕەی ژنان و منداڵبوون دەشڵێت: منداڵبوونی سروشتی باشترە وەك لە نەشتەرگەریی، بەڵام بە مەرجێك دۆخی تەندروستی دایك و منداڵەكە باش بێت، چونكە ئەگەر دایكەكە فشاری خوێنی بەرز بێت و كۆنتڕۆڵ نەكرابێت، یان شەكرەی هەبێت و ئێسكی حەوزی تەسك بێت و نەتوانرێت منداڵی لێبهێنرێتە دەرەوە، ئەوە لەوانەیە ببێتە هۆی تەقینی منداڵدانی دایكەكە و مردنی منداڵەكە، یاخود لەیەك نەشتەرگەریی زیاتر كرابێت و دۆخی تەندروستی منداڵەكە خراپ بێت، یان منداڵەكە بە سواری هاتبێتە خوارەوە، نابێت پێشتر دایكەكە نەشتەرگەریی بۆ دامێنی كرابێت، هەندێك جاریش بوونی هەندێك جۆری نەخۆشی ترسناك لە دایكەكەوە بۆ منداڵەكە نەگوزارێتەوە واباشترە بە سروشتی منداڵی نەبێت، نەبوونی (گرێی گەورە) لەبەشی خوارەوەی رەحم كە رێگریی لە رێڕەوی منداڵبوون بکات، نابێت منداڵ سەری گەورە بێت یان كێشی زۆربێت و ناشبێت منداڵەكە گەیشتبێتە ئەو حاڵەتەی خۆی پیس كردبێت لە سكی دایكیدا، چونكە هەموو ئەمانە رێگرن لە منداڵبوون بە سروشتی، هاوكات بوونی ترس و دڵەڕاوكێ و ئازار، وایكردووە هەندێك لە ژنان وابزانن كە لەشیان تێكدەچێت گەر بە سروشتی منداڵیان ببێت، بەڵام ئەمە دوورە لە راستییەوە.
منداڵبوونی سروشتی باشترە وەك لە نەشتەرگەریی، بەڵام بەمەرجێك دۆخی تەندروستیی دایك و منداڵەكە باش بێت، چونكە ئەگەر دایكەكە فشاری خوێنی بەرز بێت و كۆنترۆڵ نەكرابێت یان شەكرەی هەبێت و ئێسكی حەوزی تەسك بێت و نەتوانرێت منداڵی لێبهێنرێتە دەرەوە، ئەوە لەوانەیە ببێتە هۆی تەقینی منداڵدانی دایكەكە و مردنی منداڵەكە
مەرجە منداڵبوونی سروشتی بە بڕین و تەقەڵ بكرێت؟
د.ژیان روونیکردوە: مەرج نییە منداڵبوونی سروشتی پێویستی بە بڕین هەبێت، چونكە زیاتر بڕین لە منداڵبوونی یەكەمدا زیاتر دەكرێت، بەڵام ئەگەریش بڕینی هەبوو بۆ سروشتی، ئەوا بڕینی سروشتی زووتر چاكدەكرێت وەك لە بڕینی نەشتەرگەریی، لە هەندێك كاتدا تەقەڵ بەكاردێت، وەك یەكەم منداڵبوون یان دایكەكە نەشتەرگەریی دامێنی كردبێت، سروشتی مانای ئەوەیە منداڵەكە بەبێ تەقەڵ لە دامێنی دایكەكە هاتبێتە دەرەوە، بەڵام جاری وا هەیە لە یەكەم منداڵبووندا رێڕەوەی منداڵبوون تەسكە، لەبەرئەوە بڕین دەكرێت بۆ ئەوەی سەری منداڵەكە بە ئاسانی تێپەڕێت و دوای ئەوە بە چەند تەقەڵێك دەدورێتەوە.
بلووری 100 % بەهەمان تۆو و هێلكەی ئەو دوو هاوسەرە دەكرێت، ئێمە بەهیج جۆرێك
وەك سەنتەری رۆیاڵ و وەك خۆم كە 16 ساڵە لە بواری بلووریدا كاردەكەم بەهیج جۆرێك تۆوی پیاوی تر بەكارنەهاتووە و هەر پیاوێك كە دێت بۆ بلووریی تۆوەكەی لە تاقیگەی سەنتەر لێوەردەگیرێت و دەبێت ئیمزا و پەنجە مۆریش بكات كە ئەو تۆوە هی ئەوە، لە دەرەوەی وڵات بە تۆو و
هێلكەی كەسانی تر دەكرێت
(دووگیانبوون) بە دانانی بلووری
هەر وەك چۆن دنیای پزیشكی بەرەوپێشچووە و هەموو نەخۆشییەك چارەسەری هەیە، بەهەمان شێوە منداڵ نەبوونیش (دووگیانبوون)، تا رادەیەك چارەسەری هەیە بەڕێگەی دانانی منداڵی بلووری.
منداڵی بلووری واتا گەیاندنی هێلكەی ژن بە تۆوی هاوسەرەكەی لە دەرەوەی جەستەی هەردوولا و لە تاقیگەی پزیشكی و پاش پیتاندنیان دەخرێتەوە ناو منداڵدانی ژنەكە.
د.ئامانج رەحیم زەنگەنە پزیشكی پسپۆڕی كێشەكانی منداڵبوون و نەزۆكی و بلووری بە لاپەڕەی تەندروستی راگەیاند: پێویستە هەردوو هاوسەرەكە لە دووەم رۆژی سوڕی مانگانەی ژنەكە لە تاقیگە ئامادەبن بۆ پشكنین تا بزانین هۆرمۆنەكانیان گونجاوە بۆ پرۆسەكە، ئەگەر زانیمان گونجاوە دەست بە پرۆسەی پیتاندنەكە دەكەین، بەڵام ئەگەر لە ئەنجامی پشكنینەكەوە دەركەوت دۆخەكە گونجاو نییە، چارەسەری پێویستیان پێ دەدەین تا دوای تەواوبوونی پشكنینەكان دووبارەی دەكەینەوە، خۆ ئەگەر زانیمان بەوشێوەیەش هیچ هیوایەك نییە بۆ دروستبوونی منداڵ بە بلووری، ئەوا روونكردنەوە و زانیاری بە ژن و پیاوەكە دەدەین و كارەكەیان بۆ ناكەین، گونجاویی تەمەن و هێلكە و هۆرمۆنەكان زۆر گرنگن بۆ سەركەوتن و دەستپێكردنی پرۆسەكە كە 15 رۆژ دەخایەنێت و پاشان بە ئامێری سۆنەر و بە ئامادەبوونی هاوسەری ژنەكە هێڵكەكان دەردەهێنین و لەگەڵ تۆوی پیاوەكە ئامادەی دەكەین بۆ پیتاندن.
ئەو پزیشكە پسپۆڕەی منداڵی بلووری دەڵێت: دوای پیتاندنی تۆو و سپێرم، باشترین هێلكە پیتێنراوەكان دەخەینەوە ناو منداڵدانی ژنەكە و ئەگەر دایكەكە تەمەنی كەم بێت ناتوانین لە دوو هێلكەی پیتێنراو زیاتر بخەینەوە ناو منداڵدانی.
وتیشی: ئەگەر ژمارەی هێلكە پیتێنراوەكان زۆرتر بوون لە دوو دانە ئەوا بۆی فریز دەكەین، واتا لەلای خۆمان هەڵی دەگرین و ئەگەر ژنەكە شیری خۆی نەداتە منداڵەكانی، دوای ساڵێك دەتوانین هەمان ئەو هێلكە پیتێنراوە فریزكراوانەی بۆ بخەیەنەوە ناو منداڵدانی و جارێكی دیكە دووگیان ببێتەوە.
گرنگترین مەرجی بلووری
یەكێك لە مەرجە هەرە گرنگەكانی بلووری (تەمەن)ە، چونكە دوو هاوسەر تەمەنیان گونجاو بوو كێشەیان نەبوو و بەپێی هەموو پشكنینەكان نابێت كات بەفیڕۆبدەن و پێویستە بلووری بكەن، زۆرجار خانمان پرۆسەی بلووری دەكەن و دواتر خۆیان بە سروشتی منداڵیان دەبێت، چونكە كە تەمەنەكەیان زۆر بوو و هەوڵێكی زۆریاندا، ئەوە دەوروبەرەكەیان لە رووی دەرونییەوە بە پرسیار بێزاریان دەكەن و ماندوویان دەكەن، بەڕاستی لایەنی دەروونی بۆ دووگیانبوون زۆر گرنگە، هەربۆیە یەكەم مەرجی بلووری تەمەنە، پیاوان كە تۆویان سفر بوو راستەوخۆ بە بلووری بۆی رادەكێشین و لەگەڵ ژنەكەی بۆیاندەكەین بە بلووری بۆ دروستبوونی منداڵ، هەروەها ئەو ژنانەی هەردوو بۆریان گیراوە و ناتوانن منداڵیان ببێت، ئەوا بە بلووری دەتوانن منداڵیان ببێت، هەموو ئەو مەرجانە گرنگن.
رێژەی سەركەوتنی بلووری
بلووری بەشێوەیەكی گشتی بۆ دوو هاوسەر زۆر سەركەوتووە كە لەڕووی تەمەن گونجاوبن و تەمنیان زۆر نەبێت، بۆ ژنان لە دوای تەمەنی 35 و پیاوان دوای 50 ساڵ، چونكە تۆویان بەرەو خراپی دەچێت و پێویستیان بە بلووری هەیە، هەربۆیە رێژەی سەركەوتنی پرۆسەی بلووری پەیوەستە بە تەمەن، تا ئێستاش نەزانراوە لەڕووی زانستی پزیشكییەوە كە دوو هاوسەر لەڕووی تەمەنەوە كە زۆر گونجاون بۆ بلوورییەكەیان سەری نەگرتووە.
بلووری تەنها بۆ ئەو كەسانەیە كە منداڵیان نابێت؟
بلووری بە تەنها بۆ ئەوكەسانە نییە كە منداڵیان نابێت، بۆ دیاریكردنی رەگەزی منداڵیش دەكرێت، بۆ نموونە ئەو خانمە رەگەزی كچی هەیە و دەیەوێت كوریشی هەبێت دێت بلووری دەكات و رەگەزی منداڵەكەی دیاری دەكات، هەندێكجاریش بە پێچەوانەوە كوری هەیە و دێت بۆ رەگەزی كچ، یان هەندێكجار ژنەكە و هاوسەرەكە خزمن و ژنەكە منداڵی زۆر لەبارچووە لە رێگەی بلوورییەوە پشكنینی DNA بۆ دەكرێت بۆ هەر كێشەیەكی بۆماوەیی دیاریدەكرێت.
ئەو كەسانە كێن كە پێویستیان بە بلوورییە؟
هەندێك لە پیاوان تۆویان سفرە، گیرانی یەكێك لە گونەكان دەبێتەهۆی رێگریی لە دەرچوونی تۆوكە، هەربۆیە بە ئامێرێك تۆوكەی دەردەهێنرێت، ئەم جۆرە پیاوانە بە سروشتی ژنەكانیان منداڵیان نابێت هەر پێویستیان بەو ئامێرە هەیە بۆ پیتاندنی تۆوی پیاوەکە و هێلكەی ژنەكەی، ئەگەر خانمێك هێلكەدان و رەحمیشی باشبێت دەبێت هەردوو بۆرییەكەشی باشبێت، بەڵام ئەگەر ئەو خانمە هەردوو بۆڕییەكەی لە دەستدابێت ئەوا لەو حاڵەتە بەهیج جۆڕێك ناتوانێت بە سروشتی منداڵیببێت، هەربۆیە پەنا دەبەنەبەر بلووری، هاوكات زۆرجار خانمێك كیسی هەیە یان هێلكەدانی زۆر بچووكە بەهۆی لاوازیی هێلكەوە، باشترین رێگە بۆ بەهێزكردنی هێلكەدانی بلوورییە.
چ شتێك لە پرۆسەی بلووری قورسترینە؟
راستە لە بلووریدا خانمەكە چارەسەرێكی زۆر وەردەگرێت، بەڵام وەك ئەنجامدانی پرۆسەكە زۆر ئاسانە و خانمەكە بە ئاسانی هێلكەكەی بە بێهۆشكەرێكی كەم دەردەهێنرێت و هیچ ئازارێك بۆ خانمەكە دروست نابێت، بەڵام ئەوەی كەمێك قورسە بۆ ئێمە و ئەو خانمەی كە بلوورییەكە دەكات ئەوەیە كە ئەو نەخۆشانەی خۆیان تەكەیوسی هێلكەدانیان هەیە چارەسەر وەردەگرن لەوانەیە هێلكەیان ئێجگار زۆربێت تووشی هەڵئاوسان ببن و ئاو لە سك و سییەكانی كۆدەبێتەوە و ئەو حاڵەتانە خۆمان دەزانین چۆن چارەسەری دەكەین، بۆ ئێمەش وەك پزیشكانی بلووری ناخۆشترین شت، سەرنەكەوتنی پرۆسەی بلوورییە.
ئایا بلووری بەهەمان تۆوی پیاو و هێلكەی ژنەكە دەكرێت؟
بێگومان بلووری 100 % بەهەمان تۆو و هێلكەی ئەو دوو هاوسەرە دەكرێت، ئێمە بەهیج جۆرێك وەك سەنتەری رۆیاڵ و وەك خۆم كە 16 ساڵە لە بواری بلووریدا كاردەكەم بەهیج جۆرێك تۆوی پیاوی تر بەكارنەهاتووە و هەر پیاوێك كە دێت بۆ بلووری تۆوەكەی لە تاقیگەی سەنتەر لێوەردەگیرێت و دەبێت ئیمزا و پەنجە مۆریش بكات كە ئەو تۆوە هی ئەوە، لە دەرەوەی وڵات بە تۆو و هێلكەی كەسانی تر دەكرێت، بەڵام سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و عیراق تا ئێستا نەكراوە و نەشمبیستووە.
ئامادە کردنی دیانا ئەحمەد