هێشتا كاردانەوەكان بەردەوامن

12:46 - 2025-07-23
وەرزش
36 جار خوێندراوەتەوە

یاریی كۆتایی خولی جامی یانەكانی عیراق كە لە یاریگای شەعب لە بەغدا رۆژی هەینی رابردوو 18/7 كرا، كۆتاییەكەی زۆر كارەساتبار بوو، یەكەم بۆ هەردوو یانە، پاشانیش بۆ وەرزشی كوردستان.
هەموو لایەكمان بینیمان چۆن لەكاتی لێدانی پێنج پەنالتییەكەدا و كاتێك پەنالتییەكەی كەریم دەروێشی یاریزانی یانەی دهۆك لەلایەن سەلمان فەلاحی قەتەری ناوبژیوانی یارییەكەوە دووبارە كرایەوە، چۆن ئەمجەد عەتوانی یاریزانی یانەی زاخۆ رووبەڕووی نابژیوان بووەوە و لەگەڵ ئیدارییەكانی یانەی دهۆك بەیەكدا دەدەن و عەتوان كەشی یارییەكە دەشێوێنێت.
ئیتر ئەم رووداوە و پاشان شەڕ و ئاژاوەی دەرەوەی یاریگا و ناو یاریگاش، سەختتر دەبن و هاندەرانی هەردوولا، شەڕ لەنێوانیاندا دروست دەبێت و زیانی زۆر بە یاریگای شەعب دەگەیەنن، ئەمەش وادەكات كاردانەوەی زۆر لەلایەن بەرپرسانی باڵای وەرزشی عیراقەوە هەبێت.
سەرەتا ئەمجەد عەتوان و ئەو كەسەی لەگەڵیدا بەشەڕدێت، كە ناوی كارڤانە و چارەسەركەری پزیشیكیی یانەی دهۆكە، دەبرێنە بنكەی پۆلیسی زەیونە لە بەغدا، ئەمجەد شكاتی لێدەكات، لە بنكەی پۆلیسیش جارێكی تر پەلاماری یەكتر دەدەنەوە و وەك باس دەكرێت، لەئەنجامدا كارڤان دەستی دەشكێت و ئیتر لەو بنكەیە كێشەكان زیاتر ئاڵۆز دەبن.
هەرئەوە نا، بەڵكو وەزارەتی وەرزش و لاوانی عیراقیش بەیاننامەیەكی توند لەسەر رووداوەكانی یارییەكە و زیانەكان كە بەر یاریگای شەعب كەوتووە و سەرجەم رووداوەكانی تریش دەردەكات و سەرزەنشتی تەواوی ئەو كارە نەشیاوانە دەكات، بەتایبەتیش سەزەنشتی رەفتارەکانی هاندەرانی هەردوو یانە دەکات کە پاش تەواو بوونی یارییەكە كردویانە.
جگە لەوانەش كەناڵەكانی راگەیاندنی بەغداش لە چەند سەرچاوەیەكی تایبەت بەخۆیانەوە ئەوەیان بڵاو كردۆتەوە كە لیژنەی ئینزیبات، بە نیازە چەند سزایەكی قورسی هەردوو یانە بدات، وەك باس دەكرێت سزاكان زۆرن، یەكێكیان ئەوەیە وەرزی ئایندە هەردوو یانە بەدرێژایی وەرزەكە بێ بەشدەكرێن لە ئامادەبوونی هاندەرانیان لە یارییەكانیاندا، دووەمیشیان ئەوەیە ئەمجەد عەتوانی یاریزانی یانەی زاخۆ بۆ 10 یاریی رادەگیرێت، چونكە ئەم یاریزانە بەهۆكاری سەرەكی شێواندنی كەشی یارییەكە دادەنێن.  
هێشتا ئەم سزایانە بە رەسمی رانەگەیەنراون، بەڵام پێدەچێت لە چەند رۆژی داهاتوودا، سزاكان ئاشكرا بكرێن، ئەمش زیانی گەورە بە هەردوو تیپەكە و وەرزشی شاری دهۆك دەگەیەنێت و وێنایەكی نەشیاویش دەدەن بە وەرزشی ئەو شارە و هاندەرانی هەردوو یانەكە.
زۆربەی جارەكان، هاندەرانی یانەكانی زاخۆ و دهۆك، هێندێکیان، چ لە خولەكانی كوردستان و چ لە خولەكانی عیراقیشدا، ئەم رەفتارانەیان دووبارە كردۆتەوە، هەموو لایەكمان یاریی نەورۆز و دهۆكمان لە یادەكە لە یاریگای نەورۆز كرا، رۆژی 25/6/2025 یش لە یاری هەولێر و دهۆكیشدا هەمان شت کرایەوە و بینیشمان لیژنەی ئینزیباتی تۆپی پێی عیراق چۆن چەند سزایەكی قورسی یانەی دهۆكیدا.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان