كوردستانی نوێ – ئارما هیوا
لە گۆشەی یەك پرسیاری كوردستانی نوێدا سەبارەت بەوەی چی دەكەیت و بە چییەوە سەرقاڵیت؟ جیهان ئیبراهیم خەیات هونەرمەند و گۆرانیبێژ پێیوتین: پێشتر فەرمانبەر بووم لە پەیمانگای تەكنیكی بەكرەجۆ، بەڵام ئێستا خانەنشینم دوای دەرچوونی بڕیاری خانەنشینكردنی تەمەنی 60 ساڵی وەكو بەشێكی فەرمانبەرانی تری هەرێمی كوردستان منیشی گرتەوە.
ئێستا سەرقاڵی كاری خەیاتیم و دوكانێكم داناوە بۆ بەڕێكردنی بژێوی ژیانی خۆم و خێزانەكەم ئەمە وەكو پیشە و وەكو كاری هونەرییش ماوەیەكی زۆرە دابڕاوم بەهۆی زۆر لە كێشەكانی رۆژگار و بارودۆخی هونەر و گوزەرانی ژیانی خۆم، هەرچەندە چەند كارێكی هونەریی نوێم هەیە، بەڵام چاوەڕێی كاتێكی گونجاوم بۆئەوەی بە ئەنجامیان بگەیەنم و بڵاویان بكەمەوە و پێشكەشی بیسەرانی بكەم.
سوپاستان دەكەم كە منتان بە سەركردۆتەوە و پرسیارتان لە رەوتی ژیانی خۆم و كاری هونەریم كردووە و دووبارە سوپاس و رێزم هەیە بۆ هەموو لایەك بەهیوای بەردەوامی و لەش ساغیتان.