سازدانی – رەوەست نەوزاد
دەستەی دەستپاكی بۆ ئەوەیە بەرەنگاریی كارە گەندەڵییەکانی بەرپرس و كارمەندەكان و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی ببێتەوە، تا پارە و سامانی هەرێمەكەمان بەهەدەر نەدرێت، بەڵام هاووڵاتیانی كوردستان گلەیی لە كارەكانی ئەو دەستەیە دەكەن، پێیانوایە دەبێت دەستەكە كاری زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بكات، بۆ ئەو مەبەستە كوردستانی نوێ چاوپێكەوتنی لەگەڵ د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان کرد.
كوردستانی نوێ: هاووڵاتیانی هەرێم گلەیی لە كارەكانی دەستەكەتان دەكەن كە بەپێی پێویست بەگژ كاری گەندەڵی گەندەڵكاران نەچوونەتەوە، ئایا رای بەڕێزت چییە؟
د. ئەحمەد: بەدڵنیاییەوە گلەیی لە هەموو سێكتەرەكانی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەو بەشەی پەیوەندیی هەیە بە دەستەكەمانەوە لە وەرگرتنی زانیاری و لێكۆڵینەوە لێی و رەوانەكردنی بۆ دادگاكان تاڕادەیەك باش بووە، بێگومان كەموكووڕیی لە كاری هەموو كەسێكیش هەبووە، بەڵام بەشێكی تر پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە ئایا حوكمەكان بەپێی پێویست لە دادگاكان دەردەچن؟، هەروەك دامەزراوەكە تواناكانی سنووردارن ناتوانرێت لەوە زیاتر بێت كە لە دوای ساڵی 2014 و دروستبوونی قەیرانی دارایی دەستی بە كارەكانی كردووە و لەوكاتەوە نەیتوانیوە بە توانایەكی تەواوەوە كاربكات، بۆیە ئەگەر بێتو هەڵسەنگاندنی بۆ بكەیت، دەبێت تواناكانی لەبەرچاو بگریت كە چی هەیە لەڕووی دابینكردنی فەرمانبەر و لێكۆڵەرەوە.
یەكێك لە تاوانەكانی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، بە فیڕۆدانی سامانی گشتییە كە ئایا بە ئەنقەستە یان بەهۆی كەمتەرخەمییەوەیە و هەردووكیان هەر تاوانن، بەڵام حوكمەكەیان جیاوازن
دەسەڵاتی سنووردار دژی گەندەڵی
كوردستانی نوێ: چ پێدوایستییەك یا رێگرییەك هەیە كە وادەكات ئەو دەسەڵاتەتان سنوورداربێت دژی كاری گەندەڵی؟
د. ئەحمەد: رێگرییەكان لەهەردوو لایەنن، لەڕووی یاساییەوە لەساڵی 2019 پڕۆژەیەكی هەمواركراومان پێشكەشكرد كە هەندێك دەسەڵاتی لە هەندێك بواردا دەدا بەدەستەكەمان كە هاوشێوەی ئەو هەموارەی ساڵی 2018 ی دەستەی دەستپاكی عیراق بكرێت، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانی كوردستان رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕی و پێیان وتین لەبەرئەوەیە كە یاساكە لە ساڵی 2014 دا هەندێك هەمواری تێداكراوە، هەروەك لەڕووی توانای مادییەوە بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە، بۆیە دەستەكەمان بودجەیەكی دیاریكراوی نەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت كارەكانی خۆی رێكبخات و پەرەی پێبدات بۆ نموونە ئەگەر سەیری باڵەخانەكانی دەستەكە لەهەرسێ پارێزگاكانی هەرێم بكەیت، بۆت دەردەكەوێت كە باڵەخانەكان بۆ دامەزراوەیەكی چاودێری باڵا ناگونجێت كە هیچ لەو پێداویستیانەش لەلای ئێمەوە دابین ناكرێت و ماوەی زیاتر لە 9 ساڵیش دەبێت داوامان كردووە بۆمان دابین بكرێت، بەڵام گۆڕانكارییەكی جددی بۆ ئەوەی كارەكانمان بەڕێوەببەین نەبووە.
كوردستانی نوێ: ئایا پێویست ناكات دەستەكەی ئێوە بۆ بەگژداچوونەوە و دەستگیركردنی گەندەڵكاران هێزی پۆلیس یان سەربازی هەبێت؟
د. ئەحمەد: لەهەندێك وڵات ئەو دامەزراوانە بەهێزترن كە دادگای سەربەخۆیان هەیە و هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لە عیراق و هەرێمی كوردستان سیستمەكە وایە كە دەبێت داوای هێز لە وەزارەتی ناوخۆ بكەین لەبەرئەوەی ئەو وەزارەتەش بۆ خۆی كێشەی كەمیی هێزی پۆلیسی هەیە و وەكو پێویست نییە، بۆیە ئەگەر هێزی سەربەخۆشمان نەبێت، دەبێت هێزێكی تەرخانكراومان هەبێت، ناشڵێم دامودەزگاكان هاوكاریمان ناكەن، بەڵام ئەوە نییە هێزێكی بەردەوام و 24 سەعاتیمان هەبێت، بۆیە زۆرجار لەسەر داوای ئێمە پۆلیسی دادگاکان لە كارەكانی ئاگادارکردنەوەدا هاوكاریمان دەكەن.
كوردستانی نوێ: ئەو فۆڕمانەی بەسەر بەرپرساندا دابەشتان كردووە بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر موڵك و ماڵی خۆیان تۆماربكەن گرنگییان چییە و ئایا ئامانجی خۆی پێكاوە بۆ رێگریكردن لە گەندەڵی بەسەر داهات و موڵكی گشتی حكومەتدا؟
د. ئەحمەد: ئەو پرۆسەیە بۆ كارێكی خۆپارێزییە واتا یاسا ئاستی كارگێری ئەو بەرپرسیارێتییەی دیاریكردووە كە چەندین پلەی حكومی تێدایە كە ئێمە لە دوو ساڵی رابردووەوە ئاستەكەشمان زیاد كردووە كە بەڕێوەبەری بانكە حكومییەكان و كارمەندانی دەروازە سنوورییەكانیشمان بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكان زیادكردووە لەبەرئەوەی ئەوانەش كار لەگەڵ داهات و پارە دەكەن كە تائێستا هەزاران فۆڕم بڵاوكراوتەوە بەسەریاندا و گەڕاوەتەوە و پرۆسەی وردبینیشی تێدا كراوە، بەڵام بۆ ئەوەی سیستمەكە كارا بێت، پێویستمان بە سیستمێكی بانكی كارا هەیە، واتا كڕین و فرۆشتنت نەبێت لە دەرەوەی سیستمی بانكی بەشێوەی ئەلیكترۆنی كە ئەو سیستمە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە لەساڵی 2004 هاتۆتە عیراق كە یەكەمجار بە یاساكەی دەستەی دەستپاكی عیراق تێپەڕیوە و دواتر لە ساڵی 2011 هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان كە یاسای دەستەی دەستپاكی دەرچووە و لێی وەرگیراوە كە رەنگە سیستمێكی پیشكەوتوو بێت، بەڵام پێویستی بە ژێرخانێكی پێشكەوتوو هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجەكانی وەكو پێویست بێنێتەدی.
کەیسەکان رەوانەی دادگاکان دەکرێن
كوردستانی نوێ: بە ئامار و ژمارە، تائێستا چەند بەرپرس و كارمەندی حكومی لەسەر گەندەڵی و بەهۆی رێوشوێنەكانی دەستەكەتان دەستگیركراون یا دراونەتە دادگا؟
د. ئەحمەد: ئێستا كێشەكە ئەوەیە لە ناوەڕاستی ساڵدا كە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بۆ زانیاری كارەكانمان رێکدەخەین، ئێمە لەچەند رۆژی رابردوودا راپۆرتی ساڵی 2024مان بۆ دەزگا رەسمییەكان ناردووە كە وردەكارییەكەم لا نییە، بەڵام ساڵانە لەنێوان 200 تا 250 كەیس رەوانەی دادگاكان دەكرێن كە لە هەموو ئاستەكانی پلەی وەزیفی تێدایە كە حوكمەكانیش هەندێكجار بڵاودەكەینەوە كە مەزەندە دەكەم لە 8 – 9 ساڵی رابردووەوە سەرووی 1000 تا 1100 كەیس لە دادگاكان یەكلایی كراونەتەوە كە هەندێكیان ئیدانەكراون و رەنگە هەندێك وەكو پێویست نەبن و ئازادكرابن كە ئەوەش بە بەراورد لە پێش دروستبوونی دەستەكە پێشكەوتنێكی باشی بەخۆوە بینیووە، بەڵام ئەگەر پێمان بڵێی ئەوە بەگژداچوونەوەیەكی باشی دروستكردووە، بێگومان ئەوە لایەنێکە و پێویستی بە كۆمەڵێك لایەنی تر هەیە.
هاووڵاتیان بۆ سكاڵاكردن لەهەر كێشەیەك یان دیاردەیەكی گەندەڵی دەتوانن بەژمارە تەلەفۆنێك كە پەیوەندی كردن بۆ ئەوان بەخۆڕاییە، پەیوەندیمان پێوەبكەن یان بە ئیمەیڵ بۆمان بنێرن
هەماهەنگیی لەگەڵ داواکاری گشتی
كوردستانی نوێ: هەماهەنگیتان لەگەڵ دادگا و داواكاریی گشتی چۆنە، ئایا وەڵامی داواكارییەكانی ئێوە دەدەنەوە، یان هەست ناكەیت كەموكووڕییان بەرامبەر سزادانی بەرپرسی گەندەڵ هەیە؟
د. ئەحمەد: ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانیان ناكەین بێگومان پەیوەندی و هەماهەنگیمان لەگەڵ دامەزراوەی داواكاری گشتی باشە كە دەمێكە نووسراوێكی لێكتێگەیشتنمان لەگەڵیان هەیە و دادگاش بە سوپاسەوە بەشی زۆری دادوەرانی دەستپاكی دادگاكان لەلایەن ئەوانەوە دانراون كە لەكۆتاییدا، كەیسەكان دەچێتە لای ئەوان، هەر حوکمێك پێی رازی نەبووبین تانەمان لێداوە، لەگەڵ ئەوەش ئەوانیش كێشەی كەمی دادوەر و داواكاری گشتییان هەیە.
كوردستانی نوێ: ئایا لەكاتی كاركردن لەسەر كەیسێكی گەندەڵی هیچ حزب و لایەنێك یا بەرپرسێك هەبووە كێشەتان بۆ دروست بكات یا پاڵەپەستۆ بخاتەسەر كارەكانتان؟
د. ئەحمەد: ئەگەر بڵێم دۆخی هەرێمی كوردستان وەكو سوید و سویسڕایە، ئەوە شتی وا نییە، بەڵام كارەكانی ئێمە تاڕادەیەكی باش كەمتر دەستوەردانی تێدا كراوە كە ئەویش بەهۆی ئەوەوەیە، دەستەكەی ئێمە دامەزراوەیەكی چاودێرییە و ئەمڕۆش میدیا چەكێكی كاریگەرە، بۆیە كەس نایەوێت لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە ناوی بێت، بۆیە من وەكو سەرۆكی ئەو دامەزراوەیە حاڵەتێكی زۆر زەقی لەو شێوەیەم نەبینیووە، بەڵام ناتوانم بڵێم شتی وانەبووە، چونكە هێشتا كەلتوری سەروەریی یاسا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا نەبۆتە كەلتورێكی تەواو.
كوردستانی نوێ: سەبارەت بەداگیركردنی زەوی لەلایەن كۆمپانیای بەرپرسانەوە بۆ ئێوە هیچ كەیسێك بۆ بنبڕكردنی ئەو دیاردەیە ناجوڵێنن بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بوەستێنن؟
د. ئەحمەد: ئێمە یاسایەكمان هەیە كە یاسای رێگەگرتنە لە زیادەڕۆیی كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە كە زۆر بە وردی هەموو حاڵەتەكانی باس كردووە و پۆلێنی كردووە و چارەسەری بۆ داناوە، دەزگا كارگێرییەكانی كردووە بە بەرپرس لە رێگریکردن لە زیادەڕۆیی، دەسەڵاتی ئەوەشیان پێدراوە كە کەسانی زیادەڕۆ ئازاد نەكرێن تا زیادەڕۆییەكەی خۆیان لانەدەن، بۆیە وەكو تایبەتمەندی كاری ئێمە نییە، بەڵام ئەگەر دەستێوەردانێك لەلایەن بەرپرسێكی كارگێڕی هەبێت لە شوێنێك بەو سیفەتەوە ئەوا هاتۆتە لای ئێمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تائێستاش زیادەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی بەردەوامن.
كوردستانی نوێ: ئەگەر هاووڵاتیان تووشی هەر نادادییەك بوون بۆ چارەسەكردنی كێشەكانیان چیبكەن تا دەنگیان بەئێوە بگات؟
د. ئەحمەد: هاووڵاتیان بۆ سكاڵاكردن لەهەر كێشەیەك یا دیاردەیەكی گەندەڵی دەتوانن بەژمارە تەلەفۆنێك كە پەیوەندی كردن بۆ ئەوان بەخۆڕاییە، پەیوەندیمان پێوەبكەن یان بە ئیمەیڵ بۆمان بنێرن، هاووڵاتیانیش سەردانمان دەكەن، بەڵام لەوانەیە نەزانن دامەزراوەكەمان چەند پێداویستی هەیە كە لەبەردەستی نییە، لەگەڵ ئەوەش هیچ درێغیمان نەكردووە.
كوردستانی نوێ: چەند جارێك لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتییەكی دیاریكراو بڕە پارەیەكی دزیوە و بۆ دەرەوەی وڵات رایكردووە، دواتر دەستگیركراوە و گەڕێنراوەتەوە عیراق، ئایا لە هەرێمی كوردستان كاری هاوشێوەتان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی سامانی دزراوی هەرێم؟
د. ئەحمەد: ئەگەر بچیتە سەر ماڵپەڕەكەی ئێمە دەبینیت ئێمە هەموو ساڵێك بڕی ئەو پارانەی كە دەستمان بەسەرداگرتووە و هێناومانەتەوە چەندە، راستە لەوانەیە بڕە پارەكان بەقەد پارە دزراوەكانی عیراق نەبێت، چونكە هەرێم ئەو هەموو پارە زۆرەی نییە، عیراقیش دوو یا سێ حاڵەت نەبێت وەكو پارەكەی بانكی فیدڕاڵی، ئەگینا گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی ناگاتە لەسەدا یەكی ئەو پارانەی براونەتە دەرەوەی وڵات، لەگەڵ ئەوەش ئەوان توانایان لە ئێمە بەهێزترە، بەڵێ ئێمەش بە قەبارەی ئەو كارانەی دەیكەین پارەمان گەڕاندۆتەوە.
گلەیی لە هەموو سێكتەرەكانی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەو بەشەی پەیوەندیی هەیە بە دەستەكەمانەوە لە وەرگرتنی زانیاری و لێكۆڵینەوە لێی و رەوانەكردنی بۆ دادگاكان تاڕادەیەكی باش بووە
گەندەڵی و دزینی داهات
كوردستانی نوێ: جگە لە کەیسی گەندەڵی و دزینی داهات، كارتان لەسەر بە هەدەردانی سامانی هەرێم كردووە؟
د. ئەحمەد: بێگومان یەكێك لە تاوانەكانی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، بە فیڕۆدانی سامانی گشتییە كە ئایا بە ئەنقەستە یان بەهۆی كەمتەرخەمییەوەیە كە هەردووكیان هەر تاوانن، بەڵام حوكمەكەیان جیاوازن كە یەكێكە لەو تاوانانەی كە لە ماددەی 5 لە یاسای دەستەی دەستپاكی هاتووە كە دەستەكە بۆی هەیە لێكۆڵینەوەی تێدا بكات.
كوردستانی نوێ: وەكو دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەستەی نەزاهەی حكومەتی عیراق پەیوەندی راستەوخۆتان هەیە و هیچ كارتان بەیەكەوە كردووە، یان روویداوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بكەن لەگەڵ یەكتری؟
د. ئەحمەد: بەڵێ ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لەگەڵیان هەیە و دوو هەفتە نابێت لە كۆبوونەوەی رەسمی بووین لەگەڵیان لە بەغدا، ئەوان دێن لە هەرێم سەرمان لێدەدەن و ئێمەش لە چالاكییەکانیان بەشداریی دەكەین و هەوڵیش دەدەین پەیوەندییەكە لە پەیوەندییەكی كەسییەوە بكەینە پەیوەندییەكی دامەزراوەیی.
كوردستانی نوێ: پەیوەندیتان لەگەڵ دامەزراوەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) هەیە بۆ ئەوەی كەسانی گەندەڵی راكردوو لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەستگیربكەن؟
د. ئەحمەد: نەخێر پەیوەندیمان نییە، چونكە بابەتی داواكردنەوە بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان هەرێمێكە لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عیراقە، بۆیە حاڵەتی وا نەبووە و نەکراوە، بەڵام دەكرێت ئێمە لەڕێی ئەو نوێنەرایەتییەی ئەو دەزگایە كە لە هەرێم هەیانە یا لەڕێی ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی عیراق هەمانە، ئەو كارە بكەین، بەڵام تائێستا حاڵەتێكی وا رووینەداوە شایەنی باس بێت.
نەهێشتنی گەندەڵی و بەرتیل، ئەرکی دەستەی دەستپاکییە