ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا، چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە سوریا تاوتوێ دەكات و گفتوگۆیان لەبارەی پرسی كوردیشەوە كرد.
دوێنێ ماكرۆن لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەرع، جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستی دووبارەنەبوونەوەی توندوتیژی و پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل لە سوریادا. ماكرۆن لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە رایگەیاند: رووداوەكانی ئەمدواییەی توندوتیژیی سوریا، لاوازیی زۆری قۆناغی راگوزەری دەرخست، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزرێن، دەبێت دووبارەبوونەوەی ئەڵقەكانی توندوتیژیی رابگیرێن و بەرپرسانی ئەو توندوتیژیانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. سەرۆكی فەرەنسا باسی لەوەشكرد، لەگەڵ سەرۆكی سوریا، دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی لەگەڵ لایەنە ناوخۆییەكان وەك پێویستییەكی لە رادەبەدەر لەچوارچێوەی نیشتمانیدا تاوتوێكردووە. هەروەها جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستی پێشكەوتنی دانوستانەكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و دەسەڵاتدارانی سوریا لەسەر بنەمای نیازپاكی.