ژن هەوێنی ژیانە

11:46 - 2025-07-27
هەمەرەنگ
53 جار خوێندراوەتەوە

ئەزوەر بەرچەم، ناوێكی ناسراوە لەناو ئەدیب و شاعیرانی شاری هەولێر كە چەندین ساڵە شیعر دەنووسێت، ئەو لەپاڵ شیعردا دەستێكی باڵای هەبووە لەنووسینی مەنەلۆجدا.
 ئەزوەر بە دوالاپەڕەی وت: هۆكاری شیعر نووسینم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مرۆڤ كاتێك پڕدەبێت لەپەستانی دەرەوەی بۆ خۆدەربازكردن لەهەوڵدا دەبێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشارە دەروونییە و ناچار دەبێت پەنا بۆ چەكێك ببات تا دەرەقەتی ئەو رێگە پڕ كەند و كۆسپە بێت.ئەوانەی بەهرەیەك شك دەبەن هەر كەسە و بەپێی هزر و ئەندێشەی خۆی رێگەیەك هەڵدەبژێرێت لە هونەر و ئەدەب، بەندەش خۆم لەناو ئەدەب دۆزییەوە لەناو ئەدەبیشدا پێموابووە شیعر بۆ من دروستترین چەكە بۆ خۆدەربازكردنم لەو فشارە دەرەكییەی لەسەرمە.
وتیشی: منداڵ بووم بەدەنگی باوكم گوێم بە شیعر زرنگاوەتەوە، ئەو بۆ من یەكەم قوتابخانە بوو بەهرەی شیعر نووسینی تێدا پەروەردە كردم، كە هەمیشە داستانەكانی (بەرهەم و گوڵندام) و (بەهنەسە) و (ناسر و ماڵماڵ) و دەیان چیرۆك و سەربوردەی فۆلكلۆری دەخوێندەوە، بۆیە لەساڵی 1977 و لەتەمەنی هەرزەكاریمدا یەكەم شیعرم نووسی.
ئەزوەر، باس لە رێبازی خۆی لە شیعردا دەكات و دەڵێت: هەرگیز خۆم وابەستەی رێبازێكی ئەدەبی نەكردووە و لەناو هەموو شێوازەكاندا نووسیومە، بۆیە لەناو دەریای شیعری ئازاد و كلاسیكدا دەستم گێڕاوە و نەپەنگرایمەوە، ژن لەلای من هەوێنی راستەقینەی ژیانە و بێگومان لەناو شیعرەكانی منیشدا خۆشەویستی ناكام هەیە و رەنگیداوەتەوە.
سەبارەت بەچاپكراوەكانی، بەرچەم ئاشكرای دەكات تائێستا تەنیا دوو كتێبی بەچاپ گەیاندووە رایدەگەیەنێت: لە ساڵی 2014 (سەمای بەفر) م چاپكرد، لە ساڵی 2022 (دیوانی بەرچەم)م چاپكرد، شیعر گەلێكم ماون لەداهاتوو دەرفەت هەبێت هەندێكی دیكەشیان دەخەمە بەردەستی خوێنەران، هەرگیز خۆم لە شیعر جیا نەكردۆتەوە و قەت لەو جیهانە پڕ لە جوانی و بەرائەتە دانابڕێم، شیعر رەوتێكە وەك هەر رەوتێكی دیكەی ئەدەبی نە لە كەمیداوە و نە لە بەینیش دەچێ تەكنۆلۆژیا و سۆشیال میدیاش بۆ شیعر دەرگایەكی كراوەن، شیعر دەتوانێت ئەمجۆرە میدیایە وەكو رۆژنامەیەك بەكاربێنێت.
وتیشی: كۆمەڵێك مەنەلۆجم نووسیون لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەكان لە تەلەفزیۆنی لۆكاڵی گەلی كوردستانی هەولێر، هەفتانە بڵاودەكرانەوە و پەیامێكی هەنۆكەیی خێرابوون باسیان لە كێشەكانی رۆژانەی خەڵك دەكرد بۆ چارەسەركردنیان بە شێوەیەكی ئەكادیمی لە ئامێزی شیعرێكی زمانحاڵی خەڵك بۆ لایەنی پەیوەندیدار، من بە تەنیا ئەو مەنەلۆجانەم بۆ بەرنامەی (زووم زووم) نەدەنووسی، بەڵكو لەگەڵ شاعیر عیرفان یوسف بەرزنجی بەیەكەوە دەمانووسی و دواتر هونەرمەندانی كۆچكردوو زاهیر عەبدوڵڵا و نەوزاد رەمەزان و هونەرمەندان شێرزاد پۆلیس و ئەیام ئەكرەم لە بەرنامەكەدا پێشكەشی بینەرانیان دەكرد.
هەولێر، رەوەست نەوزاد

بابەتە پەیوەندیدارەکان