رووداوەكان لە فەوتان دەپارێزم

10:32 - 2025-07-29
هەمەرەنگ
47 جار خوێندراوەتەوە

نووسەر و رۆژنامەنووس شێرزاد هەینی خاوەنی 122 كتێبی چاپكراوە، ئێستا خەریكی نووسینی كتێبێكە سەبارەت بە بیرەوەریی سیاسەتمەداری كورد، سەعدی ئەحمەد پیرە. 
سیاسەت، سەعدی پیرەی، پیر نەكرد 
 شێرزاد بە دوالاپەڕەی وت: ماوەیەكە هەڤپەیڤین لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی دیاری شاری هەولێر دەكەم كە هەموویان وەک كتێبی جوانی پڕ لە دۆكیومێنت چاپكراون، لەوانە (یەكەمین هەولێریی لە سوید)، (یەكەمین دەرمانساز لە شۆڕشی كوردستان)، (ژیانی د. نەوزاد باجگر)، (د. عوسمان دەشتی)، كتێبێكی تر بەزمانەكانی كوردی و عەرەبی سەبارەت بە ژیان و بیرەوەریی (فەرهاد عەونی)یە و دوا پڕۆژەم كتێبی (د. فوئاد مەعسوم یەكەمین سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان)ە، لە دوو بەرگدا چاپ و بڵاوكرایەوە. هەستم كرد ئەو پرۆژەیە خوێنەری زۆری هەیە بەتایبەتی بەو شێوەیەی دەینووسمەوە كە دیدارەكانم كردووە، داڕشتنەوەكەشی دەكەم بە دەقێكی نیمچە ئەدەبیی مێژوویی. 
وتیشی: پرۆژەی ئەمجارەشم هی هاوڕێم، سەعدی ئەحمەد پیرەیە، كە لە ساڵانی حەفتاكانەوە دەیناسم، بۆیە بە سنگێكی فراوانەوە پێشوازی لەو كارە كرد، دیدارم لەگەڵ كرد و وەك پێشمەرگەیەكی دێرین و سەركردەی حزبێك قسەكانیم تۆمار كرد. كتێبەكە لە 82 هەزار وشە پێكهاتووە و ناوم ناوە (سیاسەت، سەعدی پیرەی، پیر نەكرد)، بەمزووانە چاپ دەكرێت. كتێبەكە بەڵگەنامە و وێنەی زۆری تێدایە، پێموایە كەم سیاسیی كورد هەبێت بەقەد سەعدی بەڵگەنامە و ئەرشیفێكی وا دەوڵەمەندی هەبێت، دیدارەكە باس لە ساڵانی شەستەكان و حەفتاكان دەكات، سەعدی دەڵێت: مام جەلال پشتیوانی زۆری لێكردووە و لەبەر ناوبانگ و دیپلۆماسییەتی مام جەلال، بووەتە یەكێتی. جۆری كاركردنەكەم ئەوەیە، رووداوە مێژووییەكان لە فەوتان رزگار دەكەم، كتێبەكە بریتییە لە باسكردنی مێژوو، و جوگرافیا و كەسایەتییەكانی شاری هەولێر و كوردستان، كتێبەكە جگە لەوەی بیرەوەرییە، دەقێكی ئەدەبییە، بە زمانێكی سادە نووسراوە.
هەولێر، رەوەست نەوزاد

بابەتە پەیوەندیدارەکان