توندوتیژیی ئابووری

11:24 - 2025-07-29
ئابووری
49 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تەها عەبدوڵڵا 

پ.د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری، لە کۆڕێکیدا بە ناونیشانی توندوتیژیی ئابووری، کە رۆژی 26/7/2025 لە سالۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتیمانیی کوررستان رێکخرابوو، تیشکی خستەسەر لایەنەکانی توندوتیژیی ئابووری و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕ و تاکەکانی کۆمەڵگە. 
سەرەتا پێناسەی توندوتیژیی کرد و رایگەیاند: جگە لەو توندوتیژییانەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەرامبەر بە مرۆڤ دەکرێت، توندوتیژیی ئابووریش هەیە، لەو رێگایەوە هاووڵاتییان ناچار دەکرێن پابەندی بڕیارێک بن کە بە زۆرەملێ بەسەریاندا دەسەپێنرێت، چونکە هەر بڕیارێک بە زۆر بسەپێنرێت، دەچێتە خانەی توندوتیژییەوە، لەوانە پاشەکەوتکردن، یان لێبڕینی مووچە، وەک لە ساڵی 2016دا بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمدا سەپێنرا. 
بە ناوی پاشەکەوتەوە
وتیشی: ئاساییە لە بارودۆخێکی تایبەتدا حکومەت بەشێک لە مووچەی فەرمانبەران پاشەکەوت بکات، بەڵام دەبێ دواتر بۆیان بگەڕێنێتەوە، کەچی پاشەوکەتی مووچە لە هەرێم نەک هەر بۆیان نەگەڕێنرایەوە، بەڵکو رێگریش کرا لەوەی بەیاسا رێکبخرێت و وەک مافێک پارێزراوبێت تا لە داهاتوودا وەریبگرنەوە. 
لەوەش خراپتر ئەوەیە، حکومەت ئینکاری بکات لەوەی پاشەکەوتی مووچە لای ئەو بێت و دەڵێ: لای حکومەتی فیدڕاڵە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژیی بەرامبەر بە مووچەخۆرانەوە، چونکە لەو کاتەوە تا ئێستا لە کۆی 122مووچە 20 مووچە نەدراوە، 53 مووچەش بە لێبڕینەوە بە رێژەی جیاجیا دراوە، بەبێ ئەوەی فەرمانبەران دواتر بتوانن ئەو پاشەکەوتە بەکار بهێنن، یان لە جیاتی قەرزەکانی ئاو و کارەبا و باج و قەرزەکانی دیکە بۆیان هەژماربکرێت.
راگرتنی پلە بەرزکردنەوە
پ.د. ئەیوب سماقەیی ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لە پاشەکەوت، پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و راگرتنی بۆ ماوەی نۆ ساڵ و هەشت مانگ دەچێتە چوارچێوەی توندوتیژیی ئابوورییەوە، چونکە بەهۆیەوە مووچەخۆران زیانیکی زۆری ئابوورییان پێگەیشتووە و لەو کاتەوە هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ زیاد نەکراوە، کاریگەرییەکەشی لەسەر فەرمانبەر بەردەوام دەبێت تا خانەنشین دەبێت، چونکە ئەو فەرمانبەرە لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی خانەنشین دەکرێت و مووچەیەکی کەمی بۆ دەردەچێت، ئەمەش واتای گواستنەوەی توندویژیی ئابووری لە نەوەی ئێستاوە بۆ نەوەی داهاتوو دەگەیەنێت، بەو پێیەی کاتێک فەرمانبەر خانەنشین دەکرێت و لە دوای خۆی کەسوکارەکەی مووچەکە وەردەگرن، ئەوانیش دەبنە قوربانی ئەو زوڵمەی کاتی خۆی لێی کراوە.
دەبێ حکومەت رێگریی لێ بکات
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک توندوتیژیی ئابووری بەرامبەر بە خەڵک دەکرێت، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و کڕین و فرۆشتن دەبێت، متمانەی نێوان کڕیار و فرۆشیار بێهێز دەکات، توانای خەڵک بە تایبەتی توێژی مووچەخۆر لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کەمدەبێتەوە.
پێشیوابوو، لە هیچ بارودۆخێکدا ناکرێت حکومەت، کە وەک باوکی میللەت وایە، خۆی توندوتیژیی ئابووری بکات، بەڵکو پێویستە رێگریی لە هەموو هەوڵێکی لەو جۆرەش بکات کە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیران و تێکچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک، حکومەت دەبێت هاوسەنگییەک لە نێوان بانکەکان و خەڵک و بازاڕدا دروست بکات و کاریگەرییەکانی قەیران و رووداوەکانییان لەسەر کەمبکاتەوە، هەریەک لەوانەش پێویستییان بە پارە بوو پێیان بدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان