شارەزایەكی یاسایی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (ئەلسەباح)، هۆشداریی داوە لە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتننامەی خور عەبدوڵڵا و دەڵێت «هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی رێكخستنی كەشتیوانی لە خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عیراق و كوێت، دەرگا بە رووی قەیرانێكی ئاڵۆزی یاسایی و دپلۆماسیی نێودەوڵەتیدا دەكاتەوە».
زوهێر كازم عەبود پسپۆڕ و شارەزای یاسایی رایگەیاندووە: هەر قەیرانێكی یاسایی و نێودەوڵەتی، كاریگەریی دەبێت لەسەر هەڵوێست و پابەندبوونی عیراق و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و یاسا نێودەوڵەتییەكان، چونكە رێككەوتنەكە لە چوارچێوەی نێودەوڵەتیی دابڕاو نییە، بەڵكو دەرەنجامی بڕیارە نێودەوڵەتییە پابەندكەرەكانە كە لە دوای لەشكركێشی بۆ كوێت لەلایەن رژێمی پێشووی عیراقەوە لە ساڵی 1990 دەرچووە كە دیارترین بڕیاریش، بڕیاری ژمارە 833ی ساڵی 1993یە و دیاریكردنی سنوورەكانی یەكلاییكردۆتەوە.
راشیگەیاندووە، رێكخستنی كەشتیوانی كاریگەریی لەسەر سەروەریی وڵاتەكان نییە، بەڵكو چارەسەرێكی تەكنیكی و ئیدارییە بۆ رێكخستنەوەی جووڵەی كەشتییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
رێككەوتنی خۆرعەبدوڵڵا لە ساڵی 2013، لەنێوان عیراق و كوێت ئیمزاكرا، کە لە 16 ماددە پێكهاتووە و دواتر لە ئەنجومەنی نوێنەران، پەسەندكراوە.
خۆرعەبدوڵڵا، رووبەرێكی ئاوییە لەنێوان عیراق و كوێت، لەدوای داگیركردنی كوێت لەلایەن عیراقەوە، بە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش بەشێكی درایە كوێت، دواتر لە 2013 هەردوو وڵات رێككەوتننامەیەكیان لەوبارەیەوە ئیمزاكرد كە باس لە هاریكاری بۆ رێكخستنی هاتوچۆی دەریایی و پاراستنی ژینگەی دەریایی لەو رێڕەوە ئاوییەدا دەكات، بە شێوەیەك بەرژەوەندییەكانی هەردوولا رەچاوبكرێت.