بەپێی ئامارێکی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، تا ئێستا 10 هەزار هاووڵاتیی عیراقی لە كەمپی هۆلەوە بۆ زیدی خۆیان گەڕێنراونەتەوە.
لەم راپۆرتەدا لێکەوتەکانی گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی لە كەمپەكەدا نیشتەجێن و داواكارییەكانی رۆژئاڤای كوردستانیش دەخرێتەڕوو.
پێکهاتەی داعش
نیاز سەعید نووسەر و شارەزای ئیسلامی سیاسی، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو ژمارە زۆرە لە كەسوكار و خێزانی داعش، كە لە كەمپی هۆل لە نیشتەجێبوونێکی زۆرەملێدان، چ ئەوانەی کامڵن، چ ئەوانەی هێشتا هەرزەکارن، بە هەردوو رەگەزەوە؛ بەشێکن لە پێکهاتەی داعش، بەتایبەتی لە رووی پەروەردەبوون و وەرگرتن و پەیڕەویکردنی سیستمی ئایدیۆلۆژیی داعش، بەدرێژایی ساڵانی رابردووی دەستبەسەرییان لەو کەمپەدا.
وتیشی: بنەماکانی سیستمی ئایدیۆلۆژییان دەگەڕێتەوە بۆ رێبازی سەلەفیزمی جیهادی و توندڕەوی و بەکافرکردنی هەموو ئەوانەی لە دەرەوەی داعشن و ستایلی ژیان و بیرکردنەوەیان جیاوازە لە داعش و سەپاندنی جیهاد بەسەریاندا. ئایا لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا؛ لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو کامپەوە بەرنامەیەكی هوشیارکردنەوە و چاکسازی و پەروەردەی ئایینیی میانڕەوی وا پەیڕەوكراوە كە ئەمانە دوور لە بیروباوەڕی توندڕەوی و توندوتیژی؛ دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆمەڵگە؟ ئایا مێشك و بیریان پاكکراوەتەوە لە دەمارگیری و توندڕەوی و بە شەرعیزانین و بەپیرۆززانینی کردەوەی تیرۆر، من بەدووری دەبینم، چونکە ئەم پرۆسەیە زۆر قورسە، هەرچەندە پێشووتر لە سعودیە و مەغریب و جەزائیر بەسەرکەوتوویی پەیڕەوکراوە، بەڵام ئایا لە كەمپی هۆل ئەمەكراوە؟ پێموانییە كرابێت، ئەگەریش كرابێت، شتێكی سەرەتاییە و كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت».
داعش دەرفەتی كەمپەكەی قۆستۆتەوە
باسی لەوەشکرد، داعش دەرفەتی لەناو ئەو خێوەتگەیەدا قۆستۆتەوە بۆ دووبارە خۆڕێكخستنەوە و پەروەردەكردنیان لەسەر بیروباوەڕی سەلەفیزمی جیهادی، لەبەرئەوە ئەوانەی لەو كەمپە دێنە دەرەوە و دەگەڕێنەوە بۆ عیراق، پێویستە عیراق دەستبەجێ ئازادیان نەكات، پێویستە بنێردرێنە سەنتەرەكانی راهێنان و چاكسازی، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کەسایەتی و بیروباوەڕ و رەفتارەکانیان؛ بەتایبەتی لە بواری تێگەیشتنی ئایینییدا لەسەر چەمکی جیهاد و تیرۆر و بە کافر لەقەڵەمدانی کەسانی تر.
دەشڵێت: دەتوانم بڵێم، هۆل؛ تەنها لە رووی پاراستنەوە لە ژێردەستی هەسەدە دایە؛ لەهەموو رووەکانی ترەوە لە ژێردەستی داعشدایە و تێیدا باڵادەستن و لەناویدا قەوارە و میرنشینێکی ئیسلامییان لەسەر بنەمای سەلەفیزمی جیهادی دامەزراندووە و خۆیان تاکڕەوانە دەیبەن بەڕێوە، تەنانەت دادگای شەرعی و دەزگای فەتوا و پۆلیسی شەریعەت و خوێندنگەی ئایینیان تێدا دامەزراندووە.
كەمپی هۆل دۆسێیەکی هەستیار و وردە
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد؛ پێویستە ئەوانە بەدەر لە رەهەندی ئایینی، لە رەهەندەکانی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژی، ئابووری، سیاسی، یاسایی و کەلتووریشەوە گرنگییان پێبدرێت، بۆئەوەی نەبنە هۆكار بۆ بووژاندنەوە و بەهێزبوونی داعش لە عیراقدا، چۆن داعش مێشکی داشۆریون، بەهەمانشێوە مێشکیان دابشۆرێتەوە لە هەموو ئەو تێز و دەق و تێگەیشتن و بۆچوونانەی کە داعش لە رابردوودا مێشکی پێ سیخناخ کردوون.
وتیشی: گەشبین نیم بە داهاتووی ئەو خێوەتگەیە؛ چونکە دواجار تەنها بۆ کۆکردنەوە و دەستبەسەرکردنی ئەو ژمارە زۆرە لە خێزان و کەسوکاری داعشەکان کرابووەوە، بەبێ دانانی پلان و نەخشە بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەیان. پێموایە ئەم خێوەتگەیە بووەتە کێڵگەیەک بۆ هەڵهێنان و تروکاندنی هەزاران جووچک بۆ داعش و پەروەردەکردن و پێگەیاندنیان بۆ قۆناغی دوای ئازادبوونیان لە خێوەتگەکە. زۆرینەی وڵاتان لەبەر ئەو هۆکارە، ئامادەنین ئەندامانی خێزانی داعشەکان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەتایبەتی وڵاتە ئەوروپییەکان و ترسی ئەوەیان هەیە لە رێگەی ئەوانەوە؛ ئەزموونی داعش بگوازرێتەوە بۆ وڵاتەکانیان، یان ببێتە هۆی تەشەنەسەندنی دیاردەی توندڕەویی ئایینی و تیرۆر و زەبروزەنگ لەناو رەهەندی موسڵمانان لە خۆرئاوادا.
چارەنووسی كەمپی هۆل
د.جاویدان كەمال نوێنەری پارتی یەكێتیی دیموكرات «پەیەدە» لە هەرێمی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: كێشەی كەمپی هۆل تەنها مەترسی نییە بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان، بەڵكو مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان. هەمیشە وتویانە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیی ئیدارەی خۆسەری لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا بدات بۆئەوەی چارەنووسی ئەو کەسانەی ناو کەمپەکە دیاریبكرێت، داوایان لە هەموو وڵاتانی جیهان كردووە هەر كەسێكی نیشتەجێی كەمپەكە رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەیە، بیانگێڕنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان و لای خۆیان دادگاییان بكەن، بەشێكی كەمیان وڵاتەكانیان وەریانگرتوونەتەوە، كە رێژەكەی زۆر كەمە، بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی نیشتەجێی كەمپەكەن، عیراقین و عیراق بەشێكیانی وەرگرتووەتەوە، پێشنیازێكی تریشیان هەبووە، ئەگەر وڵاتەكانیان وەریاننەگرنەوە، ئەوا لە رۆژئاڤا بە چاودێریی وڵاتان دادگایی بکرێن، بۆ ئەو پێشنیازەش تائێستا وەڵامی پێویستیان وەرنەگرتووە، بێگومان كەمپێكی مەترسیدارە و زۆرینەیان كەسوكاری داعشن، ئێستاش منداڵەكانیان گەورەبوون.
هۆل، قورسایی زۆری دروستكردووە
وتیشی: بەدڵنیاییەوە قورسایی زۆری لەسەر رۆژئاڤای كوردستان دروستكردووە. لە رووی ئەمنییەوە وەكو بۆمبێك وایە ئەگەر توركیا وەك پێشتر هێرش بكاتە سەر رۆژئاڤای كوردستان و ئەو كەسانەی لەو كەمپەدا نیشتەجێن رابكەن، كێشەی زۆر دروستدەكات و زۆر مەترسیدارە، ئێمە بەبێ دڵنیایی نێودەوڵەتی، ناتوانین رادەستی حكومەتی سوریایان بكەین، لە رووی ئابوورییەوە قورسایەكی زۆریان دروستكردووە، چونكە بە هەزاران كەس دەبن، تەنانەت ئەوان هەر لەناو خودی كەمپەكەدا زۆرجار هێرش دەكەنە سەر ئەو ئاسایش و ئەو كارمەندانەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە ئاسایشی كەمپەكە دەپارێزن و زۆرجار لە هەسەدە و كارمەندانی ئاسایش شەهید دەبن. بۆردومانەكانی توركیا لە نزیك كەمپەكەش زۆرجار مەترسی دروستكردووە، تائیستا هیچ چارەسەرێك بۆ كەمپەكە نەدۆزراوەتەوە.
كوردستانی نوێ، هیوا كازم