ئێکسبۆکس یارییە نوێکانی نمایش دەکات

10:05 - 2025-06-12
هەمەرەنگ
20 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا فێستیڤاڵی هاوینەی یارییە ئەلیکترۆنییەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت، مایکرۆسۆفت کە خاوەنی ئامێری یاریی ئێکسبۆکسە، پێشانگەی ترەیلەری یارییەکانی خۆی کردەوە بۆ خستنەڕووی هەموو یارییەکانی و خزمەتگوزاری بەشداریکردنی گەیم پاس لە داهاتوودا.
ئەو پێشانگەیە بەشێوەیەکی بەرچاوتر لە پێشانگەکانی رابردووی مایکرۆسۆفت سەبارەت بە ئێکسبۆکس و یارییە ئەلیکترۆنییەکان، سەرنجی لەسەر (Xbox Play Anywhere) بوو، کە ئەو تایبەتمەندییە نزیکەی 10 ساڵە هەیە، بەڵام تەنها لەم دواییانەدا لە پێشینەی کارەکانی کۆمپانیاکەدا بووە و هەوڵدەدات بۆ باشترکردنی ئەزموونی یاریکردن لەسەر کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە. 
لەو پێشانگەیەدا ئامێری نوێی ئێکسبۆکس بەناوی (ROG Xbox Ally) راگەیەندرا، دەتوانرێت بە ئاسانی بۆ هەموو شوێنێك ببرێت و یاری پێبکرێت، دەکرێت بڵێین کۆمپیوتەرێکی بچووکە و هاوشێوەی مۆبایل بە دەستمانەوە دەبێت و تێکڕای سۆفتوێر و خزمەتگوزاری و رووکاری ئامێرە رەسەنەکەی ئێکسبۆکس لەخۆ دەگرێت.
هەر لەو پێشانگەیەدا کۆمپانیاکە پەردەی لەسەر چەندین یاری ناوازە لادا، کە لە پلانیدایە لە ساڵانی داهاتوودا بیخاتە بەردەست ئارەزوومەندانی یارییە ڤیدیۆییەکان.
یەکێک لەچاوەڕوان نەکراوترین یارییەکانیش، کە وەك سوپرایزێك بوو بۆ گەیمەران، نیشاندانی کورتە ڤیدیۆیەکی نوێ بوو بۆ زنجیرە یارییەکانی (کۆڵ ئۆف دیوتی) بە ناونیشانی (کۆڵ ئۆف دیوتی بلاك ئۆپس 6). هەروەها چەندین یاری دیکە نیشاندران لە دیارترینیان (ئاوتەر ۆرڵدس 2)، (نینجاگایدن 4)، (فاڵاوت 76) و (گیەرس ئۆف وار)ی نوێ و هەتا دوایی.
باهۆز ئاسۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان